ده‌زگای هه‌ڵبژاردن: ئەگەر رێگری له‌ ده‌نگده‌ران نه‌كرابا ژماره‌ی كورسییه‌كانی پارتی زیاتر ده‌بوون

"ئەمە کاریگەری  لەسەر ژمارەی دەنگەکانی پارتی هەبووە، بە تایبەت لە سنوری شنگال و کەرکووک و خانەقین  و دیالە"
هه‌وادارێكی پارتی له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا
هه‌وادارێكی پارتی له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا

K24 – هه‌ولێر:

دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان 28 سکاڵای لە سەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکردوە، ژمارەیەك سكاڵای دیكەش لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، سلێمانی، و ئیدارەی راپەڕین و دیاله‌ و كەركووك، تۆمار دەكات.

بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژه‌یپێكرد، لە ناوچە كوردستانییەكان، رێگری لە تیمەكان و لە دەنگدەرانی پارتی كراوە، بۆیە ئەگەر رێگرییەكان نەبوونایە، ژمارەی كورسییەكانی پارتی دەگەیشتە 35 كورسی پەرلەمانی. 

لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە بەرنامە لە کاتی بانگەشە و لەکاتی دەنگدانیش، بەربەست بۆ کاندیدان و لایەنگرانی پارتی  دیموكراتی كوردستان دروستكرا.

ئەمەش کاریگەری  لە سەر ژمارەی دەنگەکانی پارتی هەبووە، بە تایبەت لە سنوری شنگال و کەرکووک و خانەقین  و دیالە.

بە گوتەی بەرپرسانی پارتی، ئەگەر ئەم رێگریانە نەبوایه‌، ژمارەی کورسیەکانی پارتی  لە سەروی 35 کورسی دەبوو، لە سنوری دیالە و خانەقین،  هاوشێوەی شنگال رێگریەکان زیاتر بوون، بە تایبەت لە رۆژی دەنگدان چەندین بازگە دانرابوون، بۆ ئەوەی دەنگدەرانی کورد نەگەنە بنكەكانی دەنگدان.

شێرکۆ توفیق، کارگێڕی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگه‌یاند، دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێستا 28 سکاڵای لە سەر پڕۆسەی هەڵبژاردن تۆمارکردوە ژمارەیەک سکاڵای دیکەش تۆمار دەکات لە سنوری شنگال و نەینەوا لەلایەن میلیشیاکان و چەکداران رێگرییەکان زیاتر بوون ئەگەر ئەم سکاڵایانە یەکلای بکرێنەوە ژمارەی کورسیەکانی پارتی زیاتر دەبێت.

هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان روونیكرده‌وه‌، لە کەرکووک و نەینەوا سەرەڕای رێگرییەکان پارتی توانی 11 کورسی ئەو دوو پارێزگایە بەدەست بهێنێت.