گوشاری سیاسی بۆ سەر کۆمسیۆن رەتدەکرێتەوە

"تێبینى لەبارەى بوونى کێشە، ماناى ئەوە نییە کە یارى بە دەنگەکان دەکرێت"
سندووقی دەنگدان
سندووقی دەنگدان

K24 – هەولێر

ئەندامێکى نووسینگەی راگەیاندنى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە، گوشاری سیاسی لەسەر کۆمسیۆن هەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو ئامێرانەی کێشەی تەکنیکیان هەبووە، دەنگەکانیان بە دەست دەژمێردرێنەوە و وردبینی تێدا دەکرێت.

عیماد جەمیل، ئەندامى نووسینگەی راگەیاندنى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆمسیۆن ئەنجامى ئەو دەنگانەى راگەیاندووە کە بەئەلیکترۆنى پێی گەیشتووە، 3 هەزار و 600 ئامێرى دەنگدان بەهۆى کێشەى تەکنیکییەوە لەکار وەستابوون، ئەو وێستگانەشى کە ئامێرەکانیان کێشەى هەبوو لەرێگەى جیاکردنەوەى دەستى دەنگەکانەوە ئەنجامەکانیان وردبینى تێدا دەکرێت. 

عیماد جەمیل رەتیکردەوە، گوشاری سیاسی لەسەر کۆمسیۆن هەبێت و گوتی "تێبینى لەبارەى بوونى کێشە، ماناى ئەوە نییە کە یارى بە دەنگەکان دەکرێت".