ڤاڵبوێنا: زۆر شه‌رمه‌ بۆ بێنزێما ئه‌مڕۆ له‌ دادگا ئاماده‌ نه‌بوو

ماتیۆ ڤاڵبوێنا له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بوو..فۆتۆ: AFP
ماتیۆ ڤاڵبوێنا له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بوو..فۆتۆ: AFP

ماتیۆ ڤالبوێنا هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزەرەکەی لە دادگا ئامادەبوو بۆ بەرگری کردن لە کەیسی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ساڵی 2015، ئەو یاریزانە دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنی دادگا رایگەیاند کە دڵگرانە ئەمڕۆ کەریم بێنزێما لە دادگا ئامادەنەبووە.

ماتیۆ ڤاڵبوێنا له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیایه‌كان گوتی: ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر ئەم کەیسەدا تێدەپەڕێت و هەموو کەسێک لێرەیە، بێجگە لە کەریم بێنزێما، ئەمەش مایەی شەرمەزاریە، بەڵام ئێمە تاوەکو کۆتایی لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام دەبین، شەش ساڵە چاوەڕێ کۆتایی هاتنی ئەم کەیسە دەکەم و تاوەکو نەگەینە ئەنجامی کۆتایی هەر بەردەوام دەبین.

ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 ئەم کاتەی ڤالبوێنا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو هەوڵدرا ئابڕووی ئەم یاریزانە ببەن و ڤیدیۆی ئابڕووبەرانەی ئەم یاریزانە بڵاو بکەنەوە، ئەم کاتە بێنزێما ئامۆژگاری ڤالبوێنای کرد کە بە پارە خۆی لەم دۆسیەیە رزگار بکات، دواتر بێنزێما به‌ هۆكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ تێوه‌گلا.