دیندار زێباری: 2 هەزار خێزانی کورد و عەرەبی ناوچەی زوممار گەڕاونەتەوە

وه‌ڵامی ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌داته‌وه‌

 K24 – هه‌ولێر

د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە و باسیان لەوە کردووە کە رێگە بەگەڕانەوەی هاووڵاتییانی عەرەب نادرێت بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان رایگەیاند " پاش رزگارکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعش لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بەتایبەتی لە شاری زوومار تا ئێستا نزیکەى (٢٠٠٠) خێزان لە کورد و عەرەبی ناوچەکە ك لە موسڵ یان لە وڵاتى سوریا گەڕاونەتەوە و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون".

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە هێزە ئەمنییەکان نەک رێگری ناکەن لەگەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵکو هاوکاریشن بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی هیچ گومانێک یان مەترسی ئەمنیان لەسەر نییە، زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە پاش ئەوەی لەلایەن هەندێک کەسەوە داوایان لێدەکرێت کە یارمەتی بدرێن بۆ ئەوەی ئەندامانى خێزانەکانیان لە موسڵ یان لە وڵاتى سووریاوە بگەڕێنەوە ناوچەکە هاوکاری دەکرێن و دواى وەرگرتنی ڕەزامەندى دەزگا ئەمنیەکان و هێزى پێشمەرگە ئەو کەسانەى کە تێبینى ئەمنیان لەسەر نەبێت لە ناوچەکە نیشتەجێ دەکرێن بۆ نموونە لەماوەی نێوان مانگی ئه‌یلولی 2015 تا مانگی ئایاری 2016  نزیکەی (١٢٨) خێزان کە لە موسڵ و وڵاتى سوریاوە هاتوون لە رێگاى هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچەی دەوروبەری زوممار نیشتەجێ کراون و بەشێکیشیان چوونە بۆ پارێزگاى دهۆک و هەولێر و سلێمانى لەوێ نیشتەجێ بوونە".

د.دیندار زێباری راشیگەیاند" بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی کە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش تێوەگلاون لە سەرەتاوە ناوچەکەیان بەجێهێشتووە و ئێستا گەڕانەوەیان ئەستەمە، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکێکی زۆر لە ناوچە تازەئازادکراوەکان بە شێوەیەکی گشتی ناچارکرابوون کە ناوچەکانیان جێبێڵن و بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش بڕۆن و دوای رۆشتنیان بۆ ئەو ناوچانە داعش وەک قەڵغانێک بەکاریان دەهێنن.

زێباری لە کۆتاییدا رایگەیاند "به‌شێک لە‌و هاووڵاتییە عه‌ره‌بانه‌ى له‌ زوممار نیشته‌جێن له‌ گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى زوممار ماڵ و شوێنى نیشته‌جێبونیان هەبووە و بە هەمان شێوەی کوردەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی مەترسی مین و نەبوونی خزمەتگوزاری‌ پێویست خۆیان نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وە. بەشێکی دیکەش لە خەڵکەکە ئاره‌زوو ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ ئازادكراون به‌ڵام به‌ هۆى مه‌ترسى له‌ پەلاماردانی سەربازی داعش ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.