ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکۆکی دەخاتە ناو ماڵی شیعە

چەند لایەنێک ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە
سندووقی دەنگدان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی - فۆتۆ: دانا حەمە غەریب
سندووقی دەنگدان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی - فۆتۆ: دانا حەمە غەریب

K24 - هەولێر

لایەنەکانی ناو چوارچێوەى هەماهەنگى شیعە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکۆکن، هەندێکیان ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری رابردوو، چوارچێوەى هەماهەنگى شیعە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی رەتکردەوە و رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەستەى دادوەرى بەپێی چوارچێوەى یاسایی کارپێکراو مامەڵەیان لەگەڵ تانەکان نەکردووە.

جیا لە هەڵوێستەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، لە زاری بەهائەدین نوری گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکەوە رایگەیاند، سەرەڕای تێبینییەکان، بەڵام رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگرن.

هاوکات عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی رەوتی حیکمەش، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بە نانەوەی پشێوی و تێکدانی هاوسەنگی تۆمەتبارکرد.

دوای ژماردنەوەی دەنگەکانی ئەو سندووقانەی کە تانەیان لێدرابوو، دوێنێ 30/11/2021، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاشکرا کرد.