مەنسور بارزانی: هێزەکانمان لە دەوروبەری گوندی خدرجیجە جێگیر دەکەین

"بە خوێن و گیان بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆمان دەکەین"
مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان
مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان

K24 - هەولێر

مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان، سەردانی "شێرە ژن"ی کرد، ئەو ژنەی لە پەلاماری داعش بۆ سەر گوندی خدرجیجە لە سنووری مەخموور سێ کوڕی شەهیدبوون و رایگەیاند، هێزەکانیان لە دەوروبەری گوندی خدرجیجە جێگیر دەکەن.

مەنسور بارزانی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی، هاتووینەتە لای شێرەژن سەرەخۆشی خۆمانی ئاراستە بکەین و پێی بڵێین کە ئەو سێ رۆڵەی قارەمانی شەهیدبوونە ئێمە کوڕی ئەوین".

گوتیشی: "ئێمە وەک هێزەکانی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان، هاتووین رەبایە لە دەوری گوندەکە دادەنێین، ئەگەر تیرۆرستانی داعش ویستیان جارێکی دیکە پەلاماری خەڵکی ئێمە بدەن لەو گوندە، بە دڵ و گیان و خوێن بەرگری دەکەین، ئومێد دەکەین ئەو کارەساتەی روویدا دووبارە نەبێتەوە، لێرەوە تەنها ئەوە دەڵێم خوا سەبوری هەموو لایەکمان بدات".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم مەنسور بارزانی گوتی: "داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، پەلە بکەن لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، چونکە تا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ نەکرێتەوە تیرۆرستانی داعش ئەو هەلە دەقۆزنەوە و پەلاماری خەڵکی ناوچەکە دەدەن، هیوادارم حکومەتی عێراق پەلە بکات لەو بابەتە، بۆ ئەوەی رووداوی هاوشێوە روو نەداتەوە".

مەنسور بارزانی، راشیگەیاند: "هێزی پێشمەرگە درێغی نەکردووە، لە ساڵی 2014 نزیکەی 2 هەزار پێشمەرگە لە شەڕی داعش شەهیدبوون و هەزاران پێشمەرگەی دیکەش برینداربوونە. لە بەنداوی مووسڵەوە تا دەگاتە خانەقین لە هەموو سەنگەرەکان هێزی پێشمەرگە لە  بەرگری دایە، ئێمە سوورتر دەبین لەسەر بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان".

جەختیکردەوە: "لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی هاتووینەتە ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی بەرگری بکەین، تەمەنا دەکەن جارێکی دیکە جورئەت بە خۆیان نەدەن، ئەگەر هێرشیش بکەن بە خوێن بەرگری لە خەڵک و خاکی خۆمان دەکەین".

ئەوەشی دووپاتکردەوە: "هێزەکانمان لێرە جێگیر دەبێت و ئێمە لێرە دەمێنیەوە و هەماهەنگیمان لەگەڵ خەڵك دەبێت و پارێزگاری لە خەڵکی هەموو سنوورەکە دەکەین".