نێچیرڤان بارزانی: هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى پێويست بۆ سه‌ركه‌وتنى پێشمه‌رگه دابين ده‌كه‌ین

K24 – هه‌ولێر:
نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه كرده‌وه، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرستانى داعش و تێكشكاندنيان، ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى سه‌ربازيى تۆكمه له نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عيراقدا هه‌بێت و بۆشايى و كه‌لێنى ئه‌منيى نێوانيان پڕ بكه‌نه‌وه تاكو پێكه‌وه ڕووبه‌ڕووى داعشى دوژمنى هاوبه‌شمان ببينه‌وه كه هه‌ڕه‌شه له ئارامى و سه‌قامگيريى ته‌واوى وڵات ده‌كات.
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2021/12/6 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزى پێشمه‌رگه له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى سه‌ربازى كرد، تيايدا جێگرانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زيرانى پێشمه‌رگه و ناوخۆ، فه‌رمانده‌ى يه‌كه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتا و فه‌رمانده باڵاكانى پێشمه‌رگه و به‌رپرسى ميحوه‌ره‌كان به درێژايى به‌ره‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تيرۆرستانى داعشدا، به‌شدار بوون.
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا يادى شه‌هيدانى ئه‌م دواييه‌ى به‌رگرى له كوردستان كرايه‌وه كه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرستاندا گيانيان به‌خشى و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پرسه و سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى خانه‌واده و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان كرد و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵياندا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برينداران خواست.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارو‌دۆخى سه‌ربازى و به‌ره‌كانى به‌رگرى له هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵسه‌نگێندران و تيايدا فه‌رمانده‌ى ميحوه‌ره‌كان پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌كان و پێداويستييه‌كانيان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها وه‌ز‌يرى پێشمه‌رگه باسى له پلان و ورده‌كاريى هه‌نگاوه‌كانى وه‌زاره‌ت بۆ چۆنيه‌تيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرستان و پێداويستييه سه‌ربازييه‌كان كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دووپات كرايه‌وه تيرۆرستان سوود له‌و بۆشايى و كه‌لێنه‌كان وه‌رده‌گرن كه له ناوچه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى سوپاى عيراقدا هه‌يه و تيرۆریستان بۆ هێرش و په‌لاماردان ده‌يقۆزنه‌وه و لێيانه‌وه دزه ده‌كه‌ن تا له‌و سنووره په‌لامارى پێشمه‌رگه و خه‌ڵكى سڤيلى ناوچه‌كه بده‌ن.
نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانیدا بۆ دۆخى هه‌نووكه‌يى، به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لايه‌نه په‌يوه‌نداره‌كان به‌په‌له پێداويستييه خێراكان، بۆ داهاتووش پێداويستييه‌كانى ديكه‌ى پێشمه‌رگه دابين بكرێن و فه‌رمانده و لايه‌نه په‌يوه‌نداره‌كانى راسپارد به خێرايى دۆخى به‌ره‌كان و خاڵه‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تيرۆریستان رێكبخرێنه‌وه و كه‌موكوڕى و كه‌لێنه‌كان پڕ بكرێنه‌وه، له سه‌رتاسه‌رى ميحوه‌ره‌كانيش ئه‌وپه‌ڕى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى له نێوان پێشمه‌رگه‌دا هه‌بێت.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانين و ده‌ستخۆشى پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان كرد كه به خوێن و گيان به‌رگرى له هه‌رێمى كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانى ده‌كه‌ن و قاره‌مانانه رووبه‌ڕووى دژومنێكى دڕنده ده‌بنه‌وه، جه‌ختيشى له‌وه كرده‌وه كه به خۆڕ‌اگرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، دوژمن ده‌به‌زێت و له‌ناوده‌چێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكى كوردستانى دڵنيا كرده‌وه پێشمه‌رگه به هه‌موو توانايه‌ك به‌رگرييان لێده‌كات و سه‌رۆكايه‌تى و حكوومه‌ت و هه‌موو لايه‌نه په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى پێويست بۆ سه‌ركه‌وتنى پێشمه‌رگه دابين ده‌كه‌ن.



