عێراق.. باوکێك لەسەر فرۆشتنی کوڕەکەی زیندانی دەکرێت

به‌هۆی فرۆشتنی كوڕه‌ (3) ساڵییه‌كه‌ی دادگا بڕیاری زیندانیكردنی ده‌ركرد
باوكێك له‌سه‌ر فڕۆشتنی كوڕه‌كه‌ی زیندانی ده‌كرێت
باوكێك له‌سه‌ر فڕۆشتنی كوڕه‌كه‌ی زیندانی ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

دادگای تاوانی روسافە لە به‌غدای پایتەختی عێراق سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر پیاوێکدا سەپاند، بە تاوانی فرۆشتنی کوڕەکەی بەرامبەر بە 30 هەزار دۆلار.

یەکێك لە هاوڕێکانی باوکەکە پەیوەندی پێوەکردووە و پێی گوتووە بەرامبەر بە بەخشینی کوڕەکەی 30 هەزار دۆلاری دەداتی، باوکەکەش رازی بووە کوڕە 3 ساڵانەکەی خۆی بدات بە هاوڕێکەی.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "روسیا تودەی"، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی روسافە تیمێکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە، باوکەکە بە تۆمەتی فرۆشتنی کوڕەکەی دەستگیرکرا.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری راشیگەیاند، سەرپێچیکار بەپێی بڕگەکانی ماددەی 6 و 5ی یاسای بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووه‌.