لە لایڤی فەیسبووک دانینا بە کوشتنی خۆشەویستەکەی

"هەستم کرد خەونێکە"
راجای بلاک
راجای بلاک

K24 - هەولێر

پیاوێک لە ئەمەریکا لە پەخشی راستەوخۆی لایڤی فەیسبووک دانی بە کوشتنی خۆشەویستەکەی دا دەنێت و دواتر هاوسەری پێشووی و خۆشی دەکوژێت.

بەگوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "پیوپڵ"، پیاوێکی تەمەن 44 ساڵی ئەمەریکی بەناوی "راجای بلاک"، لە لایڤی فەیسبووکدا گوتی: "ئێستا گولـلەیەکم نا بە سەری خۆشەویستەکەم، هەستم کرد خەونێکە، هەرگیز بڕوام نەدەکرد من ئەوجۆرە پیاوەبم، ناتوانم بچمە زیندان، ئەو کەسەی تووشی خەمۆکی کردم هاوسەری پێشووم بوو، بۆیە ئەویش دەکوژم، دواتر خۆم."

هەروەک چۆن لە پەخشی راستەوخۆی فەیسبووکدا باسی دەکات و راپۆرتەکانی پۆلیسیش ئاماژەی پێدەدەن، لەدوای کوشتنی خۆشەویستەکەی، راستەوخۆ بەرەو ماڵی هاوسەری پێشووی رۆیشتووە و تەقەی لەویش کردووە و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە.

راجای بلاک و هاوسەری پێشووی خاوەنی دوو منداڵ بوون و لە ڤیدیۆکەدا راجی دەڵێت، لەکاتی جیابوونەوەیان لە دادگا بە دەستدرێژی کردنە سەر منداڵەکانی تۆمەتبار کراوە.

چەند خولەکێک دوای تەقە کردنەکە، پۆلیسی ویلایەتی ماریلاند دوو منداڵەکەی دۆزیەوە و رایگەیاند، منداڵەکان لە کەشێکی ئارامدان و شاهیدی رووداوەکە نەبوون.