ئاژه‌ڵدۆستیی
هه‌موو سه‌رقاڵن به ئێراقه‌وه، ئاخۆ کێ ده‌بێته سه‌رۆکی. وه‌رن با له‌بری ئێراق سه‌رقاڵبین به ئاژه‌ڵ و باڵنده‌کانی کوردستانه‌وه.
ئێمه‌ی کورد له کولتوورێکدا ئاوێته بووین، که نامۆیه پێمان، لێ به پێی تێپه‌ڕبوونی کات، ئه‌م کولتووره نامۆیه‌مان کردووه به سروشتی دووهه‌می خۆمان و ئێستاش ناوی ده‌نێین کولتووری کوردیی. هه‌موو تاکێک پێویسته ئه‌و پرسیاره له خۆی بکات و ئاگایانه بیری لێبکاته‌وه، که ئاخۆ کاتێک تاک ده‌ڵێ، من، هه‌تا چه‌ند و کوێ من، منی تاکه؟ ساناتر بدوێم، هه‌موو تاکێک خاوه‌نی پێوابوونێکه له ژیاندا، لێ ئه‌م پێوابوونه به‌رهه‌می په‌روه‌رده و کولتووره، بۆ نموونه تاک له خێزانێکدا له‌دایک ده‌بێت، که هیچ هه‌ست و سۆزێکیان نه بۆ سروشت و نه بۆ ئاژه‌ڵ و باڵنده هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مریشکی دراوسێیه‌ک به ڕێککه‌وتێک بێته باخیانه‌وه، ئه‌وا ئاماده‌ی شه‌ڕکردنن له‌گه‌ڵ دراوسێکه‌یاندا، چونکه مریشکه‌که‌یان ڕیقنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له حه‌وشه‌که‌یاندا کردووه. په‌یوه‌ندیی ئه‌م خێزانه به سروشته‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆبیه‌کتیڤه، په‌یوه‌ندییه‌کی دیگیتاڵه، واتا ئه‌م خێزانه حه‌زیان به ته‌ماشاکردنی که‌ناڵی ئه‌نیماڵ پلانێته، له ماڵه‌که‌یاندا چه‌ند تابلۆیه‌کی سروشتیان هه‌ڵواسیوه، لێ له‌ناو خودی سروشت خۆیدا بوونه‌وه‌رێکی نامۆن. ته‌نانه‌ت ڕێگاناده‌ن هیچ په‌ڕه‌سێلکه و کوکووختیی و قومرییه‌کیش له باخه‌که‌یاندا هێلانه بکه‌ن، نه‌باده باخه‌که‌یان پڕ ڕیقنه بێت. ئه‌م پێوابوونه‌ی تاک له ئاینده‌دا ده‌بێته هه‌ڵسوڕێنه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی. بیرکردنه‌وه‌ی ده‌بێته به‌رهه‌مهێنانی هه‌ست و له ڕێگای هه‌سته‌کانیه‌وه ده‌بێته خاوه‌نی وشه و ڕسته، که له ڕێگایه‌وه پێناس له ژیان و ڕووداوه‌کان به‌وشێوه‌یه ده‌کات، که ئه‌و پێیوایه ده‌بێت ئاوها بێت. لێره‌وه تاک ده‌بێته خاوه‌نی کردار. کرداره‌کانی ده‌بنه خووی ژیانی ڕۆژانه‌ی. ئه‌م خووه که‌ڕاکته‌ری پیشانده‌دات و دواجار که‌سایه‌تیی ئه‌م تاکه به‌وشێوه‌یه ده‌بینین، که هه‌یه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که "من"ی تاکێکی ئاوها چه‌ند خۆیه‌تی؟
ئه‌م کولتووره نامۆیه، نه‌ک به ته‌نها دایبڕاندووین له سروشت، به‌ڵکوو سروشتێکی دڕنده‌شی پێداوین، که له ڕێگایه‌وه پراکتیزه‌ی تووندوتیژییه‌کی بێ وێنه بکه‌ین. سنوردارکردنی ئازادیی، بێڕێزییکردن به مرۆڤ، مرۆڤگه‌لێک، که وه‌ک ئێمه بیرناکه‌نه‌وه و ناژیین، مرۆڤگه‌لێک، که ئازادانه ده‌ژیین و بڕیار ده‌ده‌ن. لێره‌دا هیچ پێویست نییه، که من ناوی ئه‌م کولتووره نامۆیه بهێنم، چونکه دڵنیام ئه‌گه‌ر بێت‌و خاوه‌نی ئاگامه‌ندییه‌کی وه‌ها بین، که تێبگه‌ین له ژیان، ئه‌وا هه‌موو تاکێک ده‌زانێت، که ئه‌م کولتووره نامۆیه چییه.
ئاگامه‌ندیی چه‌قی نه‌ک ژیانمانه، به‌ڵکوو چه‌قی خودی بوونه، چه‌قی گه‌ردوونه. له ڕێگای ئاگامه‌ندییه‌وه ئێمه ده‌بینه خاوه‌نی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ته‌واوی گه‌ردووندا و له‌گه‌ڵ چه‌قی گه‌ردوونیشدا. تۆ ده‌توانیت ئه‌م چه‌قه ناوبنێیت خودا یان هه‌رشتێک، که تۆ بیری لێده‌که‌یته‌وه. لێ به‌ئاگابه له‌وه‌ی، که ئه‌م چه‌قه هه‌رگیز ئه‌و بوونه نییه، که له ڕێگای تێڕوانینێکی ئایینییه‌وه تێیبگه‌یت. ئه‌م چه‌قه، چه‌قێکی ژیاندۆسته نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی، ئه‌م چه‌قه خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ هه‌موو بووندا به خودی ڤایرۆسی کۆرۆناشه‌وه. هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی گه‌ردوون په‌یوه‌نددارن له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌قه‌دا، بیرکردنه‌وه هێڵی په‌یوه‌ندیی نێوان بوونه‌وه‌ره‌کان و چه‌قی گه‌ردوونه. واتا کاتێک بیرده‌که‌ینه‌وه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ چه‌قدایه. کاتێک له ته‌نگانه‌داین و بیرده‌که‌ینه‌وه، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ چه‌قدایه. بیرکردنه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤ ئه‌وه به‌رهه‌مدێنێت، که تاک داوای ده‌کات، پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌مانشێوه. کاتێک له قه‌یران و کێشه‌داین و داوای یارمه‌تیی ده‌که‌ین، ئه‌وا هه‌موو یارمه‌تییه‌ک بۆ ئێمه ئاماده‌یه، ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که ئێمه ئه‌م یارمه‌تییانه ببینین ئاگاییمانه. ئاگامه‌ندیی هه‌موو شته و هه‌موو شتیش به‌بێ ئاگامه‌ندیی هیچه. هێز به ته‌نها له پاره و پۆست‌دا نییه، به‌ڵکوو هێز له توانا و ئه‌نه‌رگییدایه، ده‌شێت باڵنده‌یه‌ک یان ئاژه‌ڵێک ده‌یانجار زیاتر هێزت بداتێ وه‌ک له‌وه‌ی، که تۆ له ڕێگای خواردن و کۆمه‌ڵێک ئۆبیه‌کتی تره‌وه پێتبگات. ئه‌م هێزه هێزێکی سوبیه‌کتیڤه، که له ڕێگایه‌وه وره‌مان به‌رزده‌بێته‌وه، بیرکردنه‌وه‌مان پۆزه‌تیڤ ده‌کات و ده‌بینه خاوه‌نی هیوا و دواجاریش سه‌رکه‌وتن.
به‌شێک له هاووڵاتییانی کورد به‌رده‌وام گله‌یی له‌وه ده‌که‌ن، که سه‌گه‌کان هارن و په‌لاماریان ده‌ده‌ن. ده‌شێت ئه‌م ده‌ربڕینه بۆ هه‌ندێک ڕاست بێت. بۆچیی؟ وه‌ڵام. چونکه کاتێک تاک خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی خراپ و نێگه‌تیڤه به‌رانبه‌ر به شتێک به گیاندارێک به بوونێک، ئه‌وا بیرکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌وه به‌رهه‌مدێنێت، که بیری لێده‌کاته‌وه. تۆ ئه‌وه‌یت، که بیری لێده‌که‌یته‌وه، تۆ ده‌بیته خاوه‌نی ئه‌وه‌ی، که بیری لێده‌که‌یته‌وه. کاتێک تاک خراپ بیر له سه‌گێک ده‌کاته‌وه و ده‌ترسێت، مێشکی تاک بۆ پاراستنی تاک ده‌ستده‌کات به ڕژاندنی چه‌ندیین جۆر نۆیرۆترانسمیته‌ر، چه‌ندیین جۆر هۆڕمۆن، له‌وانه کۆرتیزۆل و ئادره‌ناڵین. کۆرتیزۆل ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی تاک تووشی شترێسێکی زۆر بێت، ئادره‌ناڵین هێزێکی زۆر ده‌دات به تاک و ئاماده‌ی شه‌ڕه. سه‌گێکیش ئاسان ده‌توانێت بۆنی ئه‌م هۆڕمۆنانه بکات و ده‌یناسێته‌وه، هه‌ربۆیه سه‌گه‌که‌ش خۆی ئاماده ده‌کات بۆ خۆپاراستن، چونکه ده‌زانێت تۆ ئاماده‌ی شه‌ڕیت دژ به ئه‌و. به‌ڵام هه‌مان سه‌گ له‌گه‌ڵ که‌سێکی تردا، که ئارامه و مێشکی ئه‌م هۆڕمۆنانه ناڕژێت، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه مێشکی ئه‌م که‌سه ده‌ستده‌کات به ڕشتنی ئۆکسیتۆسین، نۆرادراناڵین، سێرۆتۆنین. بۆچیی؟ چونکه ئه‌م تاکه دڵخۆشه و به‌خته‌وه‌ره به بینینی ئه‌م سه‌گه یان به گشتیی به‌خته‌وه‌ر و دڵخۆشه به ئاژه‌ڵ و باڵنده. سه‌گه‌که‌ش بۆنی ئه‌م هۆڕمۆنانه ده‌کات و هه‌ستده‌کات، که ئه‌م که‌سه ئاماده‌ی شه‌ڕ نییه، به‌ڵکوو دڵخۆشه، هه‌ربۆیه مێشکی ئه‌ویش وه‌ک ئه‌م ده‌که‌وێته ڕشتنی سێرۆتۆنین و نۆرادراناڵین و ئۆکسیتۆسین. نه‌ک به ته‌نها سه‌گ، به‌ڵکوو ته‌واوی باڵنده و ئاژه‌ڵه‌کانی تری گه‌ردوونیش خاوه‌نی هه‌مان سیستێمن. ته‌نانه‌ت خودی هه‌نگ و زه‌رده‌زیڕه‌ش. زه‌رده‌زیڕه‌یه‌ک ده‌توانێت له‌سه‌ر ده‌ستت بنیشێته‌وه به‌بێئه‌وه‌ی پێته‌وه بدات، لێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی زه‌رده‌زیڕه‌یه‌ک بۆنی کۆرتیزۆلی کرد، ئیدی پێته‌وه ده‌دات.
به‌شێک له نووسه‌رانی کوردیش هۆکارن له‌وه‌ی، که تاکی کورد فێری ئه‌وه بکه‌ن، که هیچ گرنگیی به ده‌رکه‌وتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده نه‌ده‌ن. نووسه‌رێک گاڵته‌ی به‌وه دێت، که تاک گرنگیی به ده‌رکه‌وتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده بدات، کاتێک دێنه سه‌ر ڕێگای. ئه‌م بۆچوونه هه‌ڵانه تاک فێری ئه‌وه ده‌کات، که نائاگابن له‌وه‌ی، که چی له سروشتدا ڕووده‌دات. ئه‌مه‌ش ته‌واو و ڕێک به‌پێچه‌وانه‌ی کولتووری ئیندیانه‌کانی ئه‌مێریکاوه‌ن، که ئه‌وان ته‌نانه‌ت گرنگیی به‌و ئینسێکتانه‌ش ده‌ده‌ن، که دێته سه‌ر ڕێگایان.
دیاره له کولتوورێکه‌وه بۆ کولتوورێکی تر تێگه‌یشتن له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده جیاوازه. له کولتوورێکی تایبه‌تدا ده‌رکه‌وتنی پشیله‌ی ڕه‌ش، قه‌له‌ڕه‌ش، کوونده‌په‌پوو تێگه‌یشتنێکی نێگه‌تیڤی پێده‌درێت و تاکی ئه‌و کولتووره ئاماده‌ی کووشتنی ئه‌م ئاژه‌ڵ و باڵندانه‌یه، چونکه پێیوایه، که له‌گه‌ڵ خۆیاندا به‌دبه‌ختیی دێنن.
هیچ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌یه‌ک له خۆڕا نادێته سه‌رڕێگامان، به‌ڵکوو ده‌رکه‌وتنی هه‌موویان له‌سه‌ر داوای یان خۆمان یان گه‌ردوونه. کاتێک ئاژه‌ڵێک دێته سه‌ر ڕێگات داوای خۆته، ده‌شێت ئه‌م پرۆسێسه له‌نائاگاییدا بێت و ده‌ششێت له ئاگاییدا بێت. لێکنزیکبوونه‌وه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و باڵنده‌کان پلان بۆ کراوه. کاتێک ئاژه‌ڵێک یان باڵنده‌یه‌ک له ته‌نگانه‌یه‌کدا له ڕێگای ئینستیکته‌وه له ڕێگای ئاگاییه‌وه داوای یارمه‌تیی له گه‌ردوون ده‌کات، ئه‌وا تۆ ده‌که‌ویته سه‌ر ڕێگای ئه‌و پلان بۆ کراوه. چونکه تۆ ئه‌و که‌سه‌ی که ویستووته یارمه‌تیی ئه‌م ئاژه‌ڵه یان ئه‌م باڵنده‌یه بده‌یت. کاتێک تۆ هیچ کاردانه‌وه‌ت نابێت، ئه‌وا نائاگایت له پرۆسێسه‌که هه‌ربۆیه به‌لایدا تێده‌په‌ڕیت و هیچ ده‌ستێکی یارمه‌تیی بۆ درێژ ناکه‌یت، له‌کاتێکدا تۆ خۆت به گه‌ردوونت گووتووه، که تۆ یارمه‌تیی ده‌ده‌یت. یارمه‌تییدان هه‌میشه ئه‌رکێکی مۆڕاڵانه‌یه، که خودی سروشت پێی‌داوین.
چالاک نه‌بوون له‌م پرۆسه‌یه‌دا لێبوونه‌وه‌ی ده‌بێت، لێبوونه‌وه‌که‌ش ده‌رکه‌وتنی تاکه وه‌ک تاکێکی ناچالاک. ناچالاکییش له گه‌ردووندا هه‌مانشێوه ده‌بێته خاوه‌نی لێکه‌وتنه‌وه. لێره‌دا کات و شوێن بۆ گه‌ردوون هیچ واتایه‌کی نابێت، وه‌ک له‌وه‌ی، که هه‌ندێک له ئێمه بیری لێده‌که‌نه‌وه. بۆ نموونه ته‌مه‌نی درێژی زۆرداران و خراپه‌کاران. لێ دواجار هه‌موو ئه‌م خراپه‌کارانه یان خاوه‌نی کۆتاییه‌کی ناخۆش بوون یان کۆتای‌یان هاتووه، چونکه هیچ شتێک له گه‌ردووندا بۆ هه‌تاهه‌تایی نییه.
ڕێز نه‌گرتن له ئاژه‌ڵ و باڵنده له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی خراپی تاکه‌کانیه‌تی. ئه‌م ڕێز لێنه‌گرتنه خاوه‌نی لێکه‌وتنه‌وه ده‌بێت، چونکه ته‌واوی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌کان و بوونه‌وه‌ره‌کانی تری نیشتیمان به‌شێکن له کۆیه‌ک، که خودی هاووڵاتییانی کوردیش تێیدا به‌شدارن. ڕێز نه‌گرتن له ئاژه‌ڵ و باڵنده، ڕێزنه‌گرتنه له خودی خۆمان. ڕێزنه‌گرتن له سروشت، ڕێزنه‌گرتنه له خودی خۆمان. هه‌رچی ترس و قێز و بێزلێکردنه‌وه‌یه له ئاژه‌ڵ و باڵنده له کولتووری کوردییدا پرۆسه‌یه‌کی نۆیرۆلۆگییه و به‌رهه‌می مێشکه. هه‌موو ترس و قێز و بێزێکیش دیارده‌یه‌کی نۆیرۆزییه. دیارده‌یه‌کی نۆیرۆزییش کاتێک کۆتایی دێت، ئه‌گه‌ر بێتوو تاک له‌ناو ترس و قێز و بێزه‌که‌یدا بژیی. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، تۆ بۆ ئه‌وه‌ی چیتر نه له سه‌گ بترسیت و نه به گڵاویشی بزانیت، ئه‌وا پێویسته سه‌گێک بگریته باوه‌ش و ماچێکی بکه‌یت. سه‌گێکی سه‌ر جاده، پشیله‌یه‌کی سه‌ر جاده.
ئه‌گه‌ر هه‌ر خێزانێکی کورد ئاماده‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی سه‌گ و پشیله‌یه‌کی کۆڵان و ده‌شته‌کان بێت، ئه‌وا له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا هیچ سه‌گ و پشیله‌یه‌کی به‌ره‌ڵڵا بوونیان نامێنێت و هه‌مووشیان ژیانیان پارێزراو ده‌بێت. دروستکردنی شوێنی تایبه‌ت بۆ سه‌گ و پشیله‌کان و کاستریره‌کردنیان هیچ یارمه‌تیی ئه‌م ئاژه‌ڵانه نادات، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه ژیانیان ناخۆشتر ده‌کات. ژیانی ناخۆشی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌کان ته‌نها سه‌گ و پشیله‌کانی نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵکوو به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵ و باڵندانه‌ی ناو باخچه‌ی ئاژه‌ڵه‌کانیش ژیانیان ناخۆشه. له هه‌ندێک باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی کوردستاندا ده‌بینین، پشیله له قه‌فه‌زێکی بچووکدایه، له‌ق له‌ق له قه‌فه‌زێکی بچووکدایه، هه‌ڵۆ له قه‌فه‌زێکی بچووکدایه، که ئه‌مانه پێویستیان به ئازادیی گه‌ڕان و فڕیینه. پشیله به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت له قه‌فه‌زدا بێت، له‌ق له‌ق و هه‌ڵۆ هه‌مانشێوه. یاخوود کۆمه‌ڵێک گورگ له قه‌فه‌زێکی بچکۆلانه‌دان. گورگ ئه‌گه‌ر هاتوو له باخچه‌ی ئاژه‌ڵاندا ڕاگیرا، ئه‌وا ده‌بێت لانیکه‌م شوێنه‌که‌یان به‌قه‌د ڕووبه‌ری گه‌ڕه‌کێکی گه‌وره یان گووندێکی بچکۆلانه بێت. به‌هیوام حکومه‌تی هه‌رێم بیر له‌م دۆسیه‌یه بکاته‌وه، یان ئه‌وه‌تا زۆر له خاوه‌ن باخچه‌ی ئاژه‌ڵه‌کان بکات، که شوێنی ئه‌م ئاژه‌ڵانه چاک بکه‌ن یان ئه‌وه‌تا ئازادیان بکه‌ن. به‌تایبه‌ت له‌ق له‌ق و هه‌ڵۆ تاوانه له قه‌فه‌زدا بن. له وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ق له‌ق و باڵنده‌ی ئاویی له باخچه‌ی ئاژه‌ڵاندا هه‌ن، به‌ڵام ئازادن له ده‌ره‌وه نه‌ک له قه‌فه‌زدا. چونکه ئه‌م باڵندانه، که هه‌ستیان به دڵنیایی کرد، ئه‌وا هه‌موو هاویینێک دێنه‌وه شوێنی خۆیان.
ده‌رکردنی یاسایه‌ک بۆ پاراستنی باڵنده و ئاژه‌ڵ پێویستییه‌کی گه‌وره‌ی ئێستای کوردستانه. خۆزیا ئه‌ندام په‌رله‌مانێک ده‌بوو، که ئه‌رکی پاراستنی سروشتی کوردستان بگرێته ئه‌ستۆی خۆی. ده‌رکردنی یاسایه‌ک بۆ سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ی، که به ویست و به ئاشکرا ئازاری ئاژه‌ڵ و باڵنده ده‌ده‌ن. سزای ئه‌و که‌سانه بدرێت، که به ویست سه‌گ و پشیله و ئاژه‌ڵ و باڵنده ده‌که‌ن به‌ژێره‌وه و به‌جێیاندێڵن، به‌بێئه‌وه‌ی ڕابوه‌ستن بۆ یارمه‌تییدانیان.
پراکتیزه‌کردنی کرده و بیرکردنه‌وه‌ی باش ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌نه‌رگییه‌کی گه‌وره‌ی پۆزه‌تیڤ، که ته‌واوی بوونه‌وه‌ره‌کانی نیشتیمان سوودمه‌ند ده‌بن لێی. کاردانه‌وه‌ت چیی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و من پێتبڵێم، که نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردیی په‌یوه‌ندیی به بیرکردنه‌وه نێگه‌تیڤه‌کانی تاک و کۆی کورده‌وه هه‌یه؟ ئێمه ئه‌وه‌ین، که بیری لێده‌که‌ینه‌وه، ئێمه ده‌بینه خاوه‌نی ئه‌وه‌ی، که بیری لێده‌که‌ینه‌وه.