بۆچی ناتۆ ناوچه‌ی دژه- فڕین له ئۆكرانیا جێبه‌جێناكات؟
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
ئه‌ندامانی ناتۆ پابه‌ندن به هاوكاری چه‌ك و سه‌ربازی و ماددی بۆ ئۆكرانییه‌كان، به‌ڵام ره‌زامه‌ندی ده‌رنابڕن به‌رامبه‌ر ئه‌و داوایه‌ی سه‌رۆكی ئۆكرانیا، كاتێك داوای ناوچه‌ی دژه فڕین له ناتۆ ده‌كات به‌رامبه‌ر هێزی سه‌ربازی ئاسمانی رووسیا.
یانس سترلتنبێرگ، سكرتێری گشتی ناتۆ دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (4ی ئادار/ مارسی 2022) له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ئاشكرایكرد، ئه‌وان به‌شێكی كه‌من له ململانێكه و به‌رپرسیارێتییان له‌سه‌رشانه له‌وه‌ی كه ئاستی ململانێكان به‌رزنه‌كه‌نه‌وه و شه‌ڕ نه‌خه‌نه ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا، بۆیه ره‌زامه‌ندی ده‌رنابڕن به‌رامبه‌ر ناوچه‌ی دژه‌فڕین.
گوتیشی: "ئێمه وه‌ك هاوپه‌یمانانی ناتۆ له هه‌ڵكشانی شه‌ڕدا به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانمان، له‌به‌رئه‌وه‌ی به به‌شداریمان ترسه‌كان زۆر زیاتر ده‌بن و ماڵوێرانی زیاتر روو له ئه‌وروپا و جیهان ده‌كات و ده‌بێته هۆی زیادكردنی بارگرانی مرۆیی".
سترلتنبێرگ له وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووساندا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "هاوپه‌یمانانی ناتۆ به پێویستی نازانن فڕۆكه‌كانی ناتۆ به‌سه‌ر ئاسمانی ئۆكرانیا بسوڕێننه‌وه، یان هێزی سه‌ربازی ناتۆ بچێته ناو خاكی ئۆكرانیاوه".
له‌گه‌ڵ درێژه‌كێشانی شه‌ڕ سوپای رووسیا هه‌ست به ئه‌ندێشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌رگری ئۆكرانیاییه‌كان، وێرای ئه‌وه‌ی ناتۆ دڵنیایه له‌وه‌ی دواجار رووسیا ته‌واوی ئۆكرانیا داگیرده‌كات، به‌ڵام پێشبینییه‌كانی ناتۆ و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا و ته‌نانه‌ت رووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا راست ده‌رنه‌چوو، ناتۆ پێیوابوو له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا و به‌چه‌ند رۆژێك رووسیا ده‌توانێت ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا داگیربكات، به‌ڵام ئه‌مه شكستی هێناوه، بۆیه ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه داوای له ناتۆ ده‌كات، ناوچه‌ی دژه فڕین دژی هێزی ئاسمانی رووسیا بخاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌مه‌ش ئۆكرانییه‌كان ته‌واو ده‌كه‌ونه شه‌ڕی نێو شاره‌كان و رووسیا شه‌ڕه‌كه‌ی بۆ یه‌كلایی نابێته‌وه.
پرۆفیسۆر مارك ئیل جۆهانسن، شاره‌زا له بواری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌زانكۆی مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا، له لێدوانێكیدا بۆ كوردستان 24، هۆكاری رازی نه‌بوونی ناتۆ بۆ ناوچه‌ی دژه فڕین، گوتی:"به درووستكردنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین، واته راسته‌وخۆ ناتۆ ده‌چێته شه‌ڕه‌وه له‌گه‌ڵ رووسیا".
جۆهانسن باسی له‌وه‌كرد، كێ پارێزگاری له‌و ئاسمانه ده‌كات، كه فڕۆكه‌كانی رووسیای پێداتێپه‌ڕنه‌بێت، بێگومان فڕۆكه‌ی ناتۆ! كه‌واته به سرووشتی به‌ركه‌وتن له‌نێوان فڕۆكه‌ی رووسی و ناتۆ دروست ده‌بێت، كه ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ شه‌ڕی نێوان ناتۆ و رووسیا ده‌ستپێده‌كات، گوتیشی: "ناتۆ ئه‌مه‌ی ناوێت".
ناتۆ پێیوایه دروستكردنی ناوچه‌ی دژه فڕین، مه‌ینه‌تییه مرۆییه‌كان زیادده‌كات، به گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیته‌رز له رۆژی 24ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022)ه‌وه كاتێك رووسیا به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتن-ی سه‌رۆكی رووسیا هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئۆكرانیا، زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س ئاواره بوون، ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، "هێرش بۆ سه‌ر ئۆكرانیا گه‌وره‌ترین هێرشی داگیركارییه له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه".
به‌پێی رۆیته‌رز سكرتێری ناتۆ پێداگری له پاڵپشتی دارایی و سه‌ربازی ئۆكرانیا ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی هاوشێوه‌ی سزا درێژخایه‌نه‌كانی سه‌ر رووسیا.
ئۆكرانیا ئه‌ندامی ناتۆ نییه، بۆیه هه‌ر به‌شداریكردنێكی ناتۆ له جه‌نگه‌كه له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه دۆخه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات، به‌پێی مادده‌ی 5ی ناتۆ هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ئه‌ندامێكی ناتۆ، هێرشه بۆ سه‌ر ته‌واوی ناتۆ، ئه‌گه‌ر رووسیا هێرش بكاته سه‌ر هه‌ر وڵاتێكی ناتۆ، ئه‌وكات ده‌بێت هه‌ر 30 ئه‌ندامه‌كه‌ی ناتۆ له كۆبوونه‌یه‌وه‌یه‌كدا بڕیار له‌سه‌ر شه‌ڕ بده‌ن له‌گه‌ڵ رووسیا.
به‌ڵام كاتێك ئه‌مڕۆ ناتۆ بڕیاری ناوچه‌ی دژه فڕین-ی ره‌تكردووه‌ته‌وه، دیمیترۆ كۆلیبا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا له رێگه‌ی تویته‌ره‌وه، ده‌ڵێت: "پێویسته وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ناتۆ رێگری بكه‌ن له پوتن (ئۆكرانیا بكات به سووریا)".
ئه‌م په‌یامه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا ئاماژه‌یه بۆ شه‌ڕی درێژخایه‌نی نێو شاره‌كانی ئۆكرانیا و وڵاته‌كه له رووی ئابووری و بیناسازییه‌وه به‌ره‌و داڕوخان بڕوات، به‌ڵام پرۆفیسۆر مارك ئیل جۆهانسن، شاره‌زا له بواری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌زانكۆی مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا، له لێدوانێكیدا بۆ كوردستان 24، ده‌ڵێت: "كه‌وتووه‌ته سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ئه‌وروپا و شكاندنی رووسیا له شه‌ڕه‌كه، وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا ده‌توانێت ئۆكرانیا نوێبكاته‌وه وه‌ك ئه‌ڵمانیا-ی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی به پرۆژه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی مارشاڵ".
قسه‌كانی جۆهانسن پێده‌چێت له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه ئه‌مڕۆ 4ی ئادار، ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئۆرسۆلا فۆن دێر، سه‌رۆكی كۆمیسۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا كردووه ده‌رباره‌ی سزاكانی سه‌ر رووسیا و مه‌سه‌له‌ی به ئه‌ندامبوونی ئۆكرانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا.
به ئه‌ندامبوونی ئۆكرانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاینده‌ی ئۆكرانیا له رووی بیناسازی و ئابوورییه‌وه گه‌شه‌كردنێكی بێوێنه به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌ڵام تا ئه‌مساته له خشته‌ی كاره‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌دا ماوته‌وه.