نۆڤاك: نرخی نەوت دەگاتە 300 دۆلار

رووسیا هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت دەدات
گرافیكێك به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان روونده‌كاته‌وه‌
گرافیكێك به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان روونده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەلێکساندەر نۆڤاك، جێگری سەرۆك وەزیرانی رووسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەمه‌ریکا و ئەوروپا سزا بەسەر هاوردەی نەوتی خاوی رووسیادا بسەپێنن، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بۆ 300 دۆلار بەرزدەبێتەوە، کە ئەوەش ئاشکرایە رەتکردنەوەی نەوتی رووسیا چ کارەساتێك لە بازاڕەکانی جیهانی دروستدەکات.

ئەو بەرپرسە ئاشکرای دەکات، کە ئەوروپا بەو سیاسەتەی ناچاریان دەکات هەناردەکردنی گازی سرووشتی لە هێڵی نۆرد ستریم 1 رابگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارێکی لەو شێوەیان نەداوە. ئاماژەی بەوەش كرد، پشتکردن لە گازی رووسیا و دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکە، پرۆسەیەکە چەندین ساڵی پێویستە.

نرخی نەوت بەراورد بە دوێنێ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا لە سەرووی 125 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 125,52 دۆلارە، هەروەها نەوتی رۆژئاوای تێکساس بۆ هەر بەرمیلێک 121،18 دۆلارە.

بە کاریگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24/2/2022ـەوە، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، دوێنێ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 130 دۆلار بوو، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ نەوت دابەزیوە.