ئه‌و (Z)ه مانای چییه كه رووسه‌كان له‌سه‌ر تانك و زریپۆشه‌كانی جه‌نگ نووسیویانه؟
K24- مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
چه‌ند زریپۆشێك و تانك و بارهه‌ڵگری سه‌ربازی له‌سه‌ر رێگه‌ی E95، له‌نێوان شاری (چیرینێڤ - رێپكی)، كه ده‌چێته‌وه له‌سه‌ر كێڤ-ی پایته‌ختی ئۆكرانیا به سوتاوی به‌جێمابوون، به‌ڵام ئاسه‌واری پیتی (Z) كه به بۆیه‌یه‌كی سپی له‌سه‌ر هه‌موویان نووسرابوو، پێمانده‌ڵێت ئه‌وانه تانك و زریپۆشی بارهه‌ڵگری رووسیا-ن نه‌ك ئۆكرانیا، كه‌واته ئه‌و نیشانه‌یه مانای چییه، كه رووسیا له‌م جه‌نگه‌دا به‌كاریده‌هێنێت؟.
بڵاوبوونه‌وه‌ی پیتی (Z) له‌دوای ئه‌وه‌ی هێرش بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستی پێكردووه، په‌یامێكی تایبه‌تی به‌رفراوانی داگیركردووه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی رووسیا-دا، له شاره‌كانی رووسیا هه‌ندێك كه‌س تابلۆی ریكلامه‌كانیان به پیتی (Z) خستووه‌ته‌ڕوو، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له هاووڵاتیانی مۆسكۆ له‌زگه‌یه‌كی پیتی (Z)یان داوه له جامی دواوه‌ی ئۆتۆمبێلی بازرگانی و تایبه‌تییه‌كانیان، كۆمپانیای RTی رووسی تیشێرتێكی دروستكردووه، پیتی (Z)ی به چه‌ندین شێوه له‌سه‌ر نه‌خشاندووه.
ئه‌مه پاڵپشتی ئاشكرای ئه‌و ململانێیه‌یه، كه ئێستا له‌ئارادایه، هه‌تا پرۆ- رووسه‌كان له شاری بلگراد-ی سربیا كاتێك خۆپیشاندانیان كرد ئه‌م پیته‌یان به‌رزكرده‌وه، له‌وه‌ش ناسۆرتر فه‌رمانبه‌رانی خانه‌ی چاودێری منداڵان له قازان-ی پایته‌ختی تتارستان، كه كۆمارێكی تاڕاده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیه له رووسیا له ناو به‌فركه‌دا وه‌ستاون و وێنه‌ی پیتی (Z)یان دروستكردووه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا پیتی (Z) نهێنییه‌كی تێدایه بۆ رووسه‌كان، بۆیه له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و زریپۆش و تانكه‌كانیان نووسیوه.
ئێن پی ئار له راپۆرتێكدا ده‌ڵێت: "به‌ر له پرۆسه‌ی داگیركاری، كاتێك له‌سه‌ر سنووری نێوان ئۆكرانیا- رووسیا بارهه‌ڵگر و زریپۆش و تانكه رووسییه‌كان مۆڵدرابوون به بۆیه‌ی سپی پیتی (Z) له‌سه‌ریان نووسرابوون"، ده‌شڵێت: "تا راده‌یه‌ك به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات ئۆتۆمبێل و تانك و زریپۆشه‌كانیان وێكچووه، بڕوا وابوو كه ئامانج له نووسینی ئه‌م پیته بۆ ئه‌وه‌یه كه یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی هه‌ردوو وڵات جیاكرێنه‌وه و رووسیا به‌هه‌ڵه بۆردوومانی هێزه‌كانی خۆی نه‌كات".
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن، لێكۆله‌ره‌وانی ژماره‌یی له‌و بڕوایه‌دان كه پیتی (Z)، مانای نووسینه به ئه‌لفبێی لاتینی (رۆمه‌كان) له بری سێریلیك (Cyrillic)ی رووسی، كه ئه‌مه هه‌نگاوی دواتری مۆسكۆیه، به‌ڵام پسپۆرانی بواری سه‌ربازی له‌و باوه‌ڕه‌دان ته‌نیا یه‌ك مانای هه‌یه به رووسی (زابووبیدی) مانای (سه‌ركه‌وتن) ده‌گه‌یه‌نێت، یان (زاباد) به‌مانای (خۆرئاوا) دێت، به‌ڵام هه‌ندێك له خۆرئاواییه‌كان پێیانوایه كه پیتی (Z) مانای ئامانجی یه‌كه‌می كرملین له‌م شه‌ڕه‌دا، سه‌رۆكی ئۆكرانیا-یه، كه ئه‌ویش (زیلینسكی)یه.
هه‌فته‌ی پێشوو سێرجی كیسلیتسیا، نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئۆكرانیا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌به‌رده‌م نوێنه‌ری وڵاتاندا، سووكایه‌تی ته‌واوی به‌و پیته‌ی سه‌ر تانكه‌كانی رووسیا كرد و وتی: "له‌سه‌ر تانك و زریپۆش و بارهه‌ڵگره جه‌نگییه‌كانی رووسیا پیتی (Z)ی لێدراوه، ئه‌مه‌ش به‌مانای (زێبرا) دێت، له زمانی ئینگلیزی‌دا (زێبرا) واته "كه‌ری وه‌حشی"، سوپای رووسیا وه‌ك "كه‌ری وه‌حشی" كه‌وتووه‌ته كوشتنی مه‌ده‌نییه‌كانی ئۆكرانیا".
پسپۆرانی خوێندنه‌وه‌ی پیته‌كان وایده‌بینن، كه پیتی (Z) زیاد كرابێت بۆ ئه‌و پیتانه‌ی كه رووسیا له‌سه‌ر ئامێره سه‌ربازییه‌كانی نووسیویه‌تی، هه‌روه‌ك پێشتر پیتی (V،O ، X)ی به‌كارهێناوه و له‌سه‌ر زریپۆش و تانكه‌كانی نووسیویه‌تی، وێرای ئه‌وه‌ی پیتی (Z) له ئه‌لفبێی لاتینیدا هه‌یه، نه‌ك له ئه‌لفبێی سێریلیك (Cyrillic) ی رووسیدا.
سێریلیك (Cyrillic) ئه‌لفبێی به‌كارهاتووی سلاڤییه‌كانه، ئێستا ته‌نیا چه‌ند میلله‌تێكی وه‌ك رووس و بولگاری و سربی و ئۆكرانییه‌كان به‌كاریده‌هێنن.
پرۆفیسۆر مارك ئێل جۆهانسن، مامۆستای زانستی سیاسه‌ت و مێژوو له زانكۆی مینیسۆتا بۆ كوردستان 24 گوتی: "هه‌موو دیكتاتۆرێك بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بناسێنێت، ده‌بێت سومبلێكی هه‌بێت جیاوازی بێت، بۆ نموونه ئه‌دۆلف هێتله‌ر له جه‌نگی دووه‌می جیهانی ره‌مزی خاچێكی شكاوه‌ی دانا، پوتن-یش پیتی (Z) ی داناوه".
رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز له راپۆرتێكدا ئاماژه به‌وه ده‌دات، كه دروشمی سه‌ره‌كی ئه‌م پیته لای پوتن ته‌نیا سومبلی (داگیركردنه) كه لای ئه‌و (رزگاركردن) یان (له‌كه‌داركردنی ناوبانگی ئۆكرانیا) كه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه و له‌لایه‌ن سه‌رۆكێكی هه‌ڵبژێردراوی دیموكراتییه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
بی بی سی له راپۆرتێكدا ده‌ڵێت: "له زمانی رووسیدا پیتی (Z) نییه، بۆیه ئه‌مه له بنه‌ڕه‌تدا نیشانه‌یه بۆ ژماره (2)، كه رێكه‌وته له‌گه‌ڵ مێژووی (22-2-2022) كه ئه‌و رۆژه‌یه پوتن رێككه‌وتنی (ئاڵوگۆڕی هاوكاریی و هاریكاریی و دۆستایه‌تی) ئیمزاكرد، كه له‌رێگه‌یه‌وه بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی بۆ دوو ناوچه‌ی ئۆكرانیا (دۆنیسك و لۆهانسك) ده‌سته‌به‌ركرد".
پێگه‌ی تسارگراد-ی مه‌سیحی ئارسۆدۆسكی سه‌ر به پوتن خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌م پیته ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه، كه نیشانه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی رووسی به هه‌ڵه بۆردوومانی زریپۆش و بارهه‌ڵگره‌كانی سوپای رووسیا نه‌كات، بێ ئه‌وه‌ی هیچ مانایه‌كی دیكه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام كۆلۆنێل تایسۆن ویتزل، ئه‌فسه‌ری هێزی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكی و ئه‌ندامی هێزی ئاسمانی له سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی كۆنسلی ئه‌تله‌نتا پێیوایه، كه فڕۆكه به‌خێراییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به ئاسماندا ده‌فڕێت و به‌تایبه‌تی نیشانه‌ی سپی نابینێت، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین یارمه‌تی هه‌لیكۆپته‌ر ده‌دات بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه له هێزی رووسیا نه‌دات.
له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌وه به‌پێی پێگه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له ئینستگرام، سیمبولی (Z) و (V) گه‌یاندنی په‌یامی (سه‌ركه‌وتن) و (ئێمه كۆتایی به جه‌نگ دێنین).
وێرای مانای سه‌ربازی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و نیشانه‌یه، كه پاڵپشتی رووسیایه بۆ به‌رده‌وامی جه‌نگ دژی ئۆكرانیا له ناوخۆ و ده‌ره‌وه، وه‌ك چۆن خاچی شكاو نیشانه بوو بۆ پاڵپشتی هیتله‌ر له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی، به‌ڵام خه‌ریكه ده‌بێته نیشانه‌ی فاشیه‌ت و دیكتاتۆری و له زۆر شوێن لێپێچینه‌وه‌ی له‌سه‌ره.
دواهه‌مین رووداو ده‌رباره‌ی ئه‌م نیشانه‌یه، لێپێچینه‌وه‌یه‌كی یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی جمناستیك (FIG) بوو به‌رامبه‌ر ئیڤان كولیاك یاریزانی رووسی كاتێك ئه‌م هه‌فته‌یه له پاڵه‌وانێتی جامی جیهانی قه‌ته‌ر له بری ئاڵای رووسیا له سه‌ر درێسه‌كه‌ی پیتی (Z)ی به‌كارهێنابوو، بۆیه یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی جمناستیك هۆشداری دایه یاریزانه رووسی و بێلاڕووسه‌كان، كه ئاگایان له هه‌ڵسوكه‌وتیان بێت له پاڵه‌وانییه‌كه‌دا.