پنتاگۆن: پێشڕەوی رووسیا لە ئۆکرانیا پەکی کەوتووە
K24 - هەولێر:
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ئەوەی خستەڕوو کە لە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، پێشڕەوی سەربازانی رووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو پەکیکەوتووە
ئەو بەرپرسە راگەیەندراوێکی لە بارەی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "لە سەرتاسەری ئۆکرانیادا پێشڕەوی سوپای رووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو پەکی کەوتووە".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە باکوور و باکووری رۆژئاوای کیێڤ، سوپای رووسیا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی تۆمار نەکردوە و لە رۆژهەڵاتی شارەکەش هیچ جموجۆڵێکی نەبووە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە سوپای ئۆکرانیا خۆڕاگرییەکی بێوێنەی نواندووە و یەکەکانی رووسیا لە نزیک شارەکانی چەرنیهیڤ و خارکێڤ هیچ پێشڕەوییەکیان نەکردووە.
باسی لەوەش کردووە کە هێزەکانی رووسیا تا ئێستا لە نزیک شاری میکۆلاییڤ-ن، بەڵام ئۆکرانییەکان بەردەوامن لە بەرگریکردن لە شارەکە، جەختی لەوەش کردەوە کە سوپای رووسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی چڕی شاری ماریۆپول.
دەربارەی کایەی ئاسمانیی ئۆکرانیاش بەرپرسە ئەمریکییەکە نووسیویەتی: "هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە بەکارهێنانی فڕۆکەکان و بەکارهێنانی توانای سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و مووشەک. رووسیا لە دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا هەزار و 80 مووشەکی ئاراستەی ئۆکرانیا کردووە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە ناوچەی دەریای رەش رووینەداوە، بەڵام دەورووبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لڤیڤ مووشەکباران کراوە.
سەرچاوە: AA
H.H