سەرۆک بارزانی و سەید موقتەدا سەدر لەسەر دوا پێشھاتەکانی تازەی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجام دا

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و موقته‌دا سه‌در
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و موقته‌دا سه‌در

K24 – هه‌ولێر:

باره‌گای بارزانی رایگه‌یاند، رۆژی چوارشەممە 23ی ئاداری 2022، سەرۆک مسعود بارزانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر ئەنجام دا،  تێیدا وێڕای پیرۆزبایی لە بەیاننامەی کوتلەی زۆرینە (ئینقاز ئەلوەتەن)، بیروڕایان لەبارەی راگەیاندنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئاڵوگۆڕکرد.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (23ی ئازار/ مارسی 2022) له‌ به‌غدا به‌ به‌شداری پارتی و كوتله‌ی سه‌در و سیاده‌، "هاوپه‌یمانی رزگاریی نیشتمان" راگه‌یه‌ندرا.

سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌در، حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌زاری، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانی رزگاریی نیشتمانی، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌ك پاڵێوراوی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در وه‌ك پاڵێوراوی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ناسێنێت.

بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، دانیشتنی نوێنه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، پشتیوانی هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانی به‌ده‌ستهێناوه‌ و ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ زۆرترین كورسی نوێنه‌رانی هه‌یه‌.

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرا، به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار پاڵێوراوی كوتله‌ی زۆرینه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانه‌ راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.