کۆمپانیای بەرهەمهێنی "هێلکەی کیندەر" داوای لێبوردن دەکات

"داوای لێبوردەن دەکەین کە بەرهەمەکەمان بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە"
هێلكه‌ی "كینده‌ر سوپرایز" قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت
هێلكه‌ی "كینده‌ر سوپرایز" قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی ژمارەیەک کەیسی تووشبوون بە پەتای سالیمونیلا لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی تۆمار کرا، کە دواتر دەرکەوت سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە  خواردنی "هێلکەی کیندەر" بووە، کۆمپانیای بەرهەمهێنی خواردنەکە داوای لێبوردنی کرد.

كۆمپانیای "فیریرۆ"ی تایبه‌ت به‌ درووستكردنی شوكه‌لاته‌ کە بەرهەمهێنی شۆکەلاتەی کیندەرە، بە فەرمی دانیان بەوەدا نا کە هەڵەیەك روویداوە و گوتیان: "زۆر پەشیمانین لەوەی روویداوە، داوای لێبوردەن دەکەین کە بەرهەمەکەمان بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتای سالیمونیلا و گەڕاندنەوەی بەرهەمەکانمان لە کاتێکدا کە جەژنی ئیستەر نزیکبووەتەوە."

ئاژانسی پێوانه‌كردنی خۆراك لە بەریتانیا رۆژی 6ـی نیسانی 2022 رایگه‌یاندبوو‌، داوا له‌ كۆمپانیای "فیریرۆ"ی تایبه‌ت به‌ درووستكردنی شوكه‌لاته‌ كراوه‌، به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ هێلكه‌ی كینده‌ر بگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌لجیكا، كه‌ له‌وێ درووست ده‌كرێت.

لەهەمان رۆژدا له‌ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی تووشبووی سالمونیلا تۆماركراوه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ئێرله‌ندا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، سوید و هۆڵه‌ندا. به‌ڵام هیچ حاڵه‌تیكی مردن له‌ به‌ریتانیا تۆمارنه‌كراوه‌، زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانیش له‌ ناو منداڵانی ته‌مه‌ن 5 ساڵ و كه‌متره‌.

هێلكه‌كه‌ له‌ شوكه‌لاته‌ پێكهاتووه‌، له‌ ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی دیارییه‌كی تێدایه‌ و منداڵان حه‌زیان لێیه‌، ناوه‌ بازرگانییه‌كه‌شی "كینده‌ر سوپرایز"ـه‌.

هه‌ندێك وڵات هێلكه‌ی "كینده‌ر سوپرایز"یان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، وه‌ك ئه‌مه‌ریكا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای ئه‌و وڵاته‌ رێگه‌ به‌ به‌خشینی دیاری نادات له‌گه‌ڵ خواردنی منداڵان، به‌ڵام هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ به‌ مه‌ترسیدار داده‌نێن، چونكه‌ چه‌ند پارچه‌یه‌كی بچوكی وه‌ك دیاری تێدایه‌ و ده‌بێته‌ هۆی خنكاندنی منداڵان، هه‌ر چه‌نده‌ كۆمپانیاكه‌ هۆشداری داوه‌ و نووسیوویه‌تی: "بۆ منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 3 ساڵ گونجاو نییه‌".

په‌تای سا‌لمۆنیلا، نه‌خۆشییه‌كی به‌كتریاییه‌ و تووشی رێخۆڵه‌ ده‌بێت، ئه‌و به‌ركتریایه‌ زیاتر له‌ ریخۆڵه‌ی ئاژه‌ڵ و مرۆڤ ده‌ژی، له‌ رێگه‌ی ئاوی پیس و خواردنی تێكچووه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌.

زۆربه‌ی جار تووشبووانی سا‌لمۆنیلا هیچ نیشانه‌یه‌كیان نییه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیش له‌ ماوه‌ی 8 تا 72 كاتژمێر تووشی سكچوون و تا و گرژبوونی سك ده‌بن، زۆربه‌شیان له‌ چه‌ند رۆژێكدا به‌بێ چاره‌سه‌روه‌رگرتن چاكده‌بنه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و په‌تایه‌ بێ مه‌ترسی نییه‌، هه‌ندێك تووشبوو به‌ توندی ده‌یگرن و ده‌بێت به‌په‌له‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ بگوازرێنه‌وه‌.

سەرچاوە:AFP