ناتۆ پێشوازی لە داواکاری فینلاند دەکات بۆ بوونە ئەندام

"دەرگای ناتۆ بۆ فینلاند کراوەیە"
ئاڵای فینلاند و ناتۆ
ئاڵای فینلاند و ناتۆ

K24 - هەولێر:

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، ئەگەر فینلاند داواکاری بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ پێشکەش بکات، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەکەن و رێکارە یاساییەکانی بە ئەندامبوونیشی بەخێرایی بەڕێوەدەچێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "ئەنادۆڵ"، یانس ستۆڵتنبێرگ لە وەڵامی راگەیەندراوێکی هاوبەشی سەرۆک وەزیرانی فینلاند، سانا مارین و سەرۆک کۆماری فینلاند، ساولی نینیستۆ کە تێیدا دەڵێن "پێویستە بەبێ دواخستن فینلاند داواکاری بۆ بوونە ئەندامی لە ناتۆ پێشکەش بکات"، رایگەیاند "بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو راگەیەندراوە دەکەین. ناتۆ رێز لە بڕیاری سەروەریی فینلاد دەگرێت".

سکرتێری گشتیی ناتۆ بە گوتیشی: "فینلاند هاوبەشێكی زۆر نزیکی ناتۆیە، وڵاتێکی گرنگە و ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە و لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا و ئەتڵەنتیکدا رۆڵی هەبووە".

یانس ستۆڵتنبێرگ باسی لەوەش کرد، کە هاوڕایە لەگەڵ نینیستۆ و مارین لەوەی "ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ ئاسایشی فینلاند و ناتۆش بەهێز دەکات"، گوتیشی: "دەرگای ناتۆ کراوەیە بۆ بوونە ئەندامی فینلاند و دەرخەری ئەوەیە کە فینلاند لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بڕیار دەدات".

لەلایەکی دیکەوە ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 هیلسنکیی پایتەختی فینلاند رایگەیاند: "بەگوێرەی راپرسییەکان %75ی دانیشووانی فینلاند لەگەڵ ئەوەدان وڵاتەکەیان ببێت بە ئەندام لە ناتۆ %12یان دەنگیان نەداوە، بەشەکەی دیکەی خەڵکی ئەو وڵاتە ناڕازین بەو بڕیارە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فینلاند بڕیاریان داوە 16ی ئەم مانگە لەگەڵ وڵاتی سوید، داوای بە ئەندامبوون لە ناتۆ بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەشێکی دانیشتووانی فینلاند نیگەرانن لەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان، چونکە ترسیان هەیە جارێکی دیکە شەڕ بەرۆکیان بگرێت، چونکە لە ساڵی 1939 شەڕ لەنێوان رووسیا و فینلاند روویدا و ماڵوێرانی لێکەوتەوە".

فینلاند لە بەشی رۆژهەڵاتەوە 350 کیلۆمەتر لە خاکی رووسیا دوورە، لە بەشی رۆژئاوا لەگەڵ سوید و لە باکووریش لەگەڵ نەرویج دراوسێن، هەفتەی رابردوو هێزەکانی ناتۆ و فینلاند و سوید مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامداوە.

چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، سوید بڕیار بدات بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ.

هەروەها پێشبینی دەکرێت، ناتۆ بە گەرمی پێشوازی لە داواکاری هەردوو وڵات بکات و پرۆسەی بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ بەخێرایی بەڕێوەبچێت.