کۆمپانیای سۆمۆ داهات و فرۆشی مانگی ئایاری راگەیاند

نێوەندی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 112 دۆلار و 19 سەنت بووە
کۆمپانیاکانی نەوت
کۆمپانیاکانی نەوت

K24 - هەولێر:

كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، داهات و فرۆشی نەوتی بۆ مانگی ئایاری رابردوو بڵاوکردەوە، روونیشی کردەوە کە لەلایەن 35 کۆمپانیای جیهانییەوە نەوتی عێراق هاوردەکراوە.  

بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ، بە گوێرەی ئاماری کۆتایی بڕی 102 ملیۆن و 303 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە و داهاتەکەی گەیشتووەتە 11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار دۆلار.  

لە داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆدا هاتووە، بڕی نەوتی هەناردەکراو و لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر لە 98 ملیۆن و 946 هەزار بەرمیل بووە، بڕی هەناردەکراوی نەوتی کەرکووکیش لە رێگەی بەندەری "جەیهان"ـی تورکیاوە 3 ملیۆن و 2 هەزار بەرمیل بووە.

کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەداوە، نێوەندی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 112 دۆلار و 19 سەنت بووە.