سێ بوومەلەرزە ئێرانی هەژاند
K24 - هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ بوومەلەرزەی لەسەر یەک لە باشووری ئێران روویدا، بەگوێرەی ئامارەکان پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 کەسیش برینداربوونە.
مەهدی دۆستی، پارێزگاری هورمزگان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەهۆی بوومەلەرزەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تاوەکوو ئێستا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 کەسی دیکەش بریندار بوون".
ئاماژەی بەوەشدا "زۆرترین زیان بەرگوندی سایەخۆشی سەر بە بەندەر خەمیر کەوتووە و 300 خانووی هاووڵاتیان بە تەواوی زیانیان پێگەیشووە".
بەگوتەی پارێزگاری هورمزگان بوومەلەرزەکان زیانیان بەر ژێرخانی ناوچەکانیش گەیاندووە، بەتایبەت لە رێگە و پرد و هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ سێ بوومەلەرزەی بەهێز، کە دووانیان 6.1 و یەکێکیان 6.3 پلەی رێختەربوون بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردوو بەندەری لینگە و خەمیری لە پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران هەژاندووە و لە ئیماراتەوە هەست بە بەهێزی بوومەلەرزەکە کراوە. لەدوای بوومەلەرزە بەهێزەکانیش بەنزیکەیی 13 پاش لەرزە بەندەر خەمیر و دەوروبەریی هەستی پێکراوە.