رۆیته‌رز: سوپای پاسداران چه‌ند هاووڵاتییه‌كی بیانی به‌تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌ستگیركرد

K24 - هەولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی بیانیان به‌تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌ستگیركرد.
ئه‌و ئاژانسه راشیگه‌یاند، له ریزی ئه‌و هاووڵاتییه بیانیانه‌ی ده‌ستگیركراون، جێگری سه‌رۆكی نێرده‌ی به‌ریتانیایه، تۆمه‌تی سیخوڕیكردنیان خستووه‌ته پاڵ.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆیته‌رز، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی بیانی له نێویاندا جێگری باڵیۆزی به‌ریتانیا به تۆمه‌تی سیخوڕیكردن ده‌ستگیركرد.
ئه‌و ئاژانسه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، به‌شی هه‌واڵگری سوپای پاسداران ئه‌م هاووڵاتییه بیانیانه‌ی له ناوچه‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو ده‌ستگیركردووه، هه‌ڵساون به وه‌رگرتنی نموونه‌ی خاكی ئه‌م وڵاته به‌مه‌به‌ستی بردن و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه له‌سه‌ری.
هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ ئه‌وه نه‌كراوه ئه‌وان تا ئێستا ده‌ستبه‌سه‌رن یاخوود ئازاد كراون.
رۆیته‌رز روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و هاووڵاتییه بیانییانه وه‌ك كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی هاتوونه‌ته ناو ئێران، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.