فەرەنسا.. گەنجێك پێنج ئەندامی خێزانەکەی دەکوژێت

سێ لە کوژراوەکان منداڵ بوونە
شوێنی رووداوەکە
شوێنی رووداوەکە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی تەمووزی 2022، سەرچاوەیەك بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، شەوی رابردوو گەنجێکی تەمەن 20 ساڵان لە گوندێکی رۆژهەڵاتی فەرەنسا، پێنج ئەندامی خێزانەکەی کوشتووە و دواتر خۆشی لە رووبەڕوونەوەی هێزە ئەمنیەکاندا کوژراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە شەوی سێشەممەوە هێزە تایبەتەکانی بەشی پۆلیسی فەرەنسا لە گوندی دۆڤرێس لە دامێنی بەرزاییەکانی ئەلب کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری لیۆن دوورە، بڵاوەیان پێکراوە.

کریستیان لیمۆزین، سەرۆکی شارەوانی گوندێکی نزیك لە دۆڤرێس بە فرانس پرێسی راگەیاند، تۆمەتبارەکە پێنج ئەندامی خێزانەکەی خۆی کوشتووە کە سیانیان منداڵ بوونە، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.

هەرچەندە  پۆلیس و داواکاری گشتی ناسنامەی کوژراوەکانیان پشتراست نەکردووەتەوە، بەڵام رۆژنامەی "Le Progres"ـی فەرەنسی سەبارەت بەو رووداوە بڵاویکردەوە، تۆمەتبارەکە تەمەنی 22 ساڵ بووە و هەر یەك لە باوکی، زڕدایکی، سێ خوشك و برای لە خۆی بچووکتر بە بارمتە گرتووە، دواتر هەموویانی کوشتووە. 

ترس لە تاوان یەکێک بوو لە پرسە پێشەنگەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی فەرەنسا، کە ئەمساڵ لەو وڵاتە بەڕێوەچوون. لەم پرسەدا پارتی دژە کۆچبەر و راستڕەوی توندڕەوی فەرەنسی "National Rally" دەستکەوتی مێژوویی بەدەستهێنا.