وەزارەتی بازرگانی عێراق سەرکەوتنی پڕۆسەی بەبازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵی راگەیاند

عەلا جبوری: تاوەکو ئێستا زیاتر له‌ 2 ملیۆن تۆن گەنممان كڕێوه‌
وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق تێکڕای گەنمی کڕیوه‌ته‌وه‌
وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق تێکڕای گەنمی کڕیوه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

عەلا جبووری، وەزیری بازرگانی عێراق سەرکەوتنی پڕۆسەی گەنمی ئەمساڵی راگەیاند، كه‌ تێکڕای گەنمی کڕدراوە گەیشتووەتە سەرووی 2 ملیۆن تۆن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سەدا 70 شایستەی ئەمساڵ و تەواوی شایستەی ساڵی رابردوو دراونەتەوە و لەگەڵ وەزارەی دارایی لە هەماهەنگیدان.

وەزیری بازرگانی عێراق گوتی: کۆی بەرهەمی نیشتمانی تاوەکو دوێنێ گەیشتووەتە دوو ملیۆن و  102 هەزار تۆن، بێگومان ئەو بڕەی وەرمانگرتوون زیاترە لە پێشبینییەکانمان، کە پێشبینی دەکرا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەم کەمتر بێت، بۆیە سەرکەوتنی پڕۆسەی بەبازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵ رادەگەیەنین.

گوتیشی: هۆکاری سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێشوەختە حکومەت ئامادەکاری تەواوی بۆ وەرگرتنی گەنم و رێوشوێنەکانی کڕینەوەی کردبوو، سەرەڕای ئەوەش کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمەڵەی جووتیاران کردووە، بۆیە لێرەوە دەمانەوێت سوپاسی جووتیارانمان بكه‌ین، بۆ هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەت و پەرۆشیان بۆ بەبازاڕکردنی بەرووبوومەکەیان.

جبووری جه‌ختی له‌وه‌ كرد، دابەشکردنی شایستەی جووتیاران بۆ ئەمساڵ جیاواز بوو، سەرجەم بڕی شایستەی ساڵی 2021 دراونەتەوە، بۆ ئەمساڵیش نزیکەی سەدا 70ـی دابەشکراوە، حەوت بۆ هەشت پارێزگا بە تەواوی شایستەکانیان دراوەتەوە، بەشێک لە پارێزگاکان بەهۆی درەنگ دەستپێکردنی پڕۆسەی بەبازاڕکردن تاوەکو ئێستا ماوە شایستەکانیان بدرێتەوە. بۆ ئەمەش هەماهەنگی تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەیە.