ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و شێوەی بڕیاردان لەو ئەنجوومەندا

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە 26ی تەمووز) لەبارەی پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە، کۆببێتەوە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی بەرنامەی کار، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە هێرشەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق بەتایبەتی تۆپبارانی چەند رۆژ لەمەوبەر بۆ سەر هاوینەهەواری گوندی پەرەخ-ی سەر بە ناحیەی دەرکار لە سنووری زاخۆ.

بە گوێری زانیارییەکانی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حکومەتی بەغدا تا ئێستا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، 200 سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمار کردووە.

کورتەیەک لەبارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یەک لە ئۆرگانەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەرکی پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی لەسەر شانە.

سنووری دەستەڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایش بە پێی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بریتییە لە، ناردنی هێزی ئاشتیپارێز، پەسندکردنی ئابلۆقەی نێودەوڵەتی و پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژ بە وڵاتانی ئاژاوەگێڕ و شەڕەنگێز. بڕیارەکانی ئەو ئەنجوومەنە لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، رادەگەیەندرێت.  

ئەو ئەنجوومەنە پێنج ئەندامی هەمیشەیی و 10 ئەندامی کاتی هەیە. پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە، مافی ڤێتۆیان هەیە.

مێژوو

یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، رێکەوتی 17ی کانوونی دووەمی 1946 لە کەنیسەی "وێست مێنستێر"ی لەندەن بەڕێوەچوو. ئەو ئەنجوومەنە لەو کاتەوە تا ئێستا، کارەکانی درێژەپێداوە و چەندین کۆبوونەوەشی لە شارەکانی پاریس و ئادیس ئابابا، کردووە. کۆبوونەوە سەرەتاییەکان لە کەناری دەریاچەی "ساکسس"ی نیۆیۆرک بەڕێوەدەچوون و دواتر بۆ بارەگای ئێستایان لە نیۆیۆرک گواسترایەوە.

تا ئێستا سێ جار گۆڕانکاری لە ژمارەی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنەدا کراوە. ساڵی 1965 مادەکانی 23 و 27ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموار کرایەوە و ئەندامانی کاتی لە شەش وڵاتەوە بۆ 10 وڵات زیاد کرا.

کۆمەڵەی گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 1971 کورسیی نوێنەرایەتی (چین)ـیان لە کۆماری چین (تایوان) وەرگرتەوە و دایان بە کۆماری گەلی چین.

دوای رووخانی یەکێتی سۆفییەت لە ساڵی 1991، هیچ گۆڕانکارییەک لە مادەی 23ـدا نەکرا و بەبێ گۆڕانکارییەکی بەرچاو، کورسیی یەکێتی سۆفییەت بە فدراسیۆنی رووسیا درا.  

ئەندامان و مافەکانیان

وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوو بەشن: ئەندامی هەمیشەیی و ئەندامی کاتی. ئەندامانی هەمیشەیی بریتین لە: ئەمەریکا، چین، رووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا.

ئەندامانی کاتی بۆ خوولێکی دوو ساڵە (کە لە یەکی کانوونی دووەمەوە دەستپێدەکات) هەڵدەبژێردرێن. هەڵبەت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەندامان لە 11ـەوە بۆ 15، دوو ئەندام لە چوار ئەندامی زیادکراو، بۆ ماوەی یەک ساڵ دیاری دەکرێن. ئەو وڵاتەی مافی ئەندامێتیان لێدەستێندرێتەوە، ناکرێ هەر دوای ئەوە هەڵبژێردرێنەوە. کۆمەڵەی گشتی ساڵانە پێنج ئەندامی نوێ هەڵدەبژێرێت و لە 31ی کانوونی یەمەکی هەر ساڵێکدا، دەبنە جێگرەوەی ئەندامانی پێشوو.

ئەندامانی هەمیشەیی و کاتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەندامانی هەمیشەیی و کاتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

رۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش

بە پێی مادەی 24 لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن تەواوی ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەرکی پاراستی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێئەسپێردراوە و دەبێت لەسەر بنەما و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەرکەکەی راپەڕێنێت.

ئەرک و دەستەڵاتی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایش:

- پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی

- پێشنیاری روونی ئاشتیخوازانە بۆ چارەکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان

- دامەزراندنی بەشی لاوەکی بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی کە پێیوایە پێویستە

- لە کاتی پێویستدا، بەکارهێنانی هێز بۆ پاراستن یان گەڕاندنەوەی ئاشتی

- رێکخستنی بەرنامەی سیستەمێک بۆ بەکارهێنانی چەک و چاودێریکردنی

- لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی هەر دۆخێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی و پێکدادانەکان

- بانگهێشتی ئەندامان بۆ سەپاندنی ئابلۆقەی ئابووری و رێگەکانی دیکەی دوور لە شەڕ، بۆ ئەوەی پێش لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بگیرێت و یارمەتیدەر بێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەن

- بەکاربردنی سیستەمی سەرپەرشتی نێودەوڵەتی لە ئەگەری پێویستبوون لە ناوچە ستراتیژییەکان

- داوا لە لایەنەکان بۆ پەیڕەوکردنی هەر هەنگاوێکی کاتی بۆ بەرگرتن لە خراپتربوونی دۆخەکە

شێوەی بڕیاردان

لە کاتێکدا کە تەواوی ئۆرگانەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا دەستەڵاتی پێدانی پێشنیاریان بە وڵاتانی ئەندام هەیە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێت لە چوارچێوەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڕیار دەربکات، بە شێوەیەک کە جێبەجێکردنی لەسەر تەواوی ئەندامان، پێویست بێت.

بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە چوارچێوەی بڕیارنامەدا رادەگەیەندرێن. هەر ئەندامێک مافی یەک دەنگی هەیە.

بڕیارەکانی پێوەندیدار بە پەیڕەوی ناوخۆ، بە دەنگی نۆ ئەندام پەسند دەکرێن و جۆری ئەندامانی دەنگدەر (ئەندامانی هەمیشەیی یان کاتی) جیاوازیان نییە. بڕیاردان لەبارەی پرسی دیکەوە، جیاوازە. لەو پرسانەدا پەسندکردنی هەر پڕۆژە پڕیارێک، پێویستی بە دەنگی هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە و بە لانی کەمەوە چوار ئەندامی کاتی هەیە.