سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان رەشبگیری دەكات

K24 – کەرکووک
سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی رەشبگیری هاووڵاتییانی کورد دەستپێکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆهێزێكی سوپای عێراق كە زیاتر لە 15 هەمەڕی سەربازی بوونە، گەمارۆی ئاوایی مەنسوری لە حەفتەغاری باشووری قەزای داقوق-ی داوە و دەستییان بە رەشبگیری گەنجانی كورد كردووەو شەش گەنجیان قۆڵبەست كردووە و بردوویانە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە كوردستان24ی راگەیاند: ئەو کەسانەی ئەمڕۆ سوپای عێراق دەستگیری کردون، هاووڵاتین و خەریكی كار و كاسبی خۆیانن و هیچ كێشەیەكیان نییە".
گوتیشی: ئامانج لەو رەشبگیرییە سووكایەتیكردنە بە هاووڵاتییانی كورد و دەیانەوێت گوندەكە چۆڵ بکەن".
سەرچاوەکە کە هاووڵاتییەکی کوردە لەو ناوچەیە، داوای لەسەركردایەتی سیاسی كورد كرد، سنورێك بۆ ئەوسوكایەتییەی هێزە عێراقییەكان دابنێن، كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پەیڕەوی دەكەن.