650 هەزار دار لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بڕدراونەتەوە

بڕینەوەی دارستانەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، کاردانەوەی گەورەی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە
بڕینەوەی دارستانەکانی عەفرین
بڕینەوەی دارستانەکانی عەفرین

K24 - هەولێر

چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە بڕینەوەی باخ و دارستانەکانی دەوروبەری شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن، بەشێوەیەک کە هیچ دارستانیک نەماوە.

بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیەی چالاکوانانی عەفرین، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە کۆمەڵە کەسێک دارەکانی دەوروبەری گۆلی "میدانکێ"ـی ئەو شارە دەبڕنەوە و باریاندەکەن. بە گوێرەی زانیارییە خۆجێییەکان، ئەو کەسانەی دارەکان دەبڕنەوە، کەسانی سەر بە گرووپی "سوڵتان موراد"ـن.

بڕینەوەی دارستانەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، کاردانەوەی گەورەی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە. چالاکوانان، هەندێ وێنەی دارستانەکانی عەفرینیان پێش و دوای داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بڵاوکردووەتەوە و دەردەکەوێت کە زۆربەی دارستانەکان نەماون.

عەفرین لە مانگی ئاداری ساڵی 2018 لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریاوە داگیرکرا و لەو کاتەوە کۆمەڵێک چالاکوان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیان لەبارەی برینەوەی داری زەیتون و میوەی دیکە بڵاوکردووەتەوە. ئەوان، داوایان لە حکومەتی تورکیا و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان کردووە، رێگە لەو تاوانە بگرن، بەڵام تا ئێستا ئەو لایەنانە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

دارستانی سەر گردێکی عەفرین، پێش و دوای بڕینەوەی دارەکانی
دارستانی سەر گردێکی عەفرین، پێش و دوای بڕینەوەی دارەکانی

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، ئەمڕۆ (پێنج شەممە، یەکی ئەیلول) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، چەکدار و ملیشیاکانی سەر بە گرووپەکانی "سوڵتان موراد"، "فەیلەقی شام" و "ئەحراری شام"، زیاتر لە 650 هەزار داری دارستانەکانی گۆلی "مەیدانکێ" و شارەدێی "شەڕا"ـیان بڕیوەتەوە.

هەروەها راگەیەندراوە کە گرووپێکی چەکدار بە ناوی "ئەلوەقاس"، لەسەر رووبەری 200 دۆنم، دارەکانی گوندی "ئاشکایا"ـیان بڕیوە و لە شارەکانی ئیدلیب و عەزاز دەیفرۆشن.

رۆژی 30ـی ئاب، ئەو رێکخراوە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، گرووپێکی چەکدار بە ناوی "هەمزات" کە لە شوێنەوار دەگەڕان، 500 داری زەیتونی گوندێکی ناوچەی "مابەتا"ـیان هەڵقەندووە.

زۆربەی دانیشتوانی عەفرین، جوتیارن و هەر لەبەرئەوە بە ملیۆنان داری زەیتون، سێو، هەنار و جۆری دیکەی میوەی لێیە. چالاکوانانی ئەو ناوچەیە، پێیانوایە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، بە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی ئابووری عەفرین و کۆچپێکردنی دانیشتوانەکەی، بە ملیۆنان داریان بڕیوەتەوە.

دیمەنی دارستانی گۆمێکی عەفرین پێش و دوای بڕینەوەی دارەکانی
دیمەنی دارستانی گۆمێکی عەفرین پێش و دوای بڕینەوەی دارەکانی