كتێبی "یەکێتیی ئەوروپا و پرسی کورد" به زمانی ئینگلیزی بڵاوكرایهوه

K24 – ههولێر:
زانکۆی نەتەوەیەکگرتووەکان پەرتووکی "یەکێتیی ئەوروپا و پرسی کورد"ـی توێژهر د. زانا هەڵۆ کوردەی بڵاوكردهوه.
د. زانا هەڵۆ کوردە، خاوهنی كتێبی "یەکێتیی ئەوروپا و پرسی کورد" به كوردستان24ـی گوت: کتێبەکە لە سەر بنەمای دکتۆرانامەكهمه، کە لە ساڵی 2021 لە زانکۆی ئازادی برۆکسل بەدەستم هێناوه.
ههروهها راشیگهیاند، ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی ئەکادیمی سەبارەت بە سیاسەت و مامەڵەی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
دهشڵێت: "ئەم کتێبە لە هەشت بەش و 175 لاپەڕە پێکهاتووە، چوار بەشی تەرخانکراوە بۆ مامەڵەی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ هەر چوار پارچەکەی کوردستان، بەشەکانی دیکەش پێکدێن لە پێشەکی، باسکردنی میتۆدۆلۆژی، تیۆری و چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و چەمکە زانستییەکان، دەرەنجامەکان و هەروەها لیستی سەرچاوە و هاوپێچەکان.
زانا کوردە گوتیشی: "دەتوانم بڵێم: ئەم کتێبە بەشێوەیەکی فراوانتر تیشكدهخاته سەر پرسی کورد و مامەڵەی یەکێتیی ئەوروپا، ئەمە لە کاتێکدایه، کە ئەو توێژینەوانەی هەن تەنها باس لە پارچەیەکی کوردستان دەکەن، کە زۆربەیان تایبەتن بە دۆزی کورد لە باکووری کوردستان و بەستنەوەی ئەو باسە بە پرسی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، بە بۆچوونی من ئەوە تەنها لایەنێکی پرسی گەورەی کورد و مامەڵەی یەکێتیی ئەوروپاشە لەگەڵ کورد دا. ئێستا دەبینین یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە، هەروەک هەرێمی کوردستان بە نموونە.
لهبارهی بهچاپگهیاندنی ئهم كتیێبه زانا كورده دهڵێت: "لە پاش تەواوبوونی توێژینەوەی دکتۆراکەم، پارساڵ زانکۆی نەتەوەیەکگرتووەکان كه بەشێکیان بە ناوی "پهیمانگهی توێژینەوە بەراوردکارییەکان بۆ یەکگرتنی هەرێمایەتی" هەیە و پەیوەندییان پێوەکردم و پێشنیازیان کرد، وەک کتێبێک بڵاویبکەنەوە.
روونیشیكردهوه، ئهم کتێبە بە پلەی سەرەکی بۆ دوو گرووپ سوودی دهبێت، یەکەم ئەو کەسانەی کە "دۆسییهی کورد" لە حکومەت و دامەزراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەگرنەدەست و دەخوازن زۆرترین زانیارییان لەبارەی ئەو دۆسییانه ههبێت، كه کاری لەسەر دەکەن. بێگومان ئەم کتێبەش پڕە لە زانیاری نوێ و دهكرێت ببنە سەرچاوه. هەرچی گرووپی دووەمە بریتییە لە بازنەی ئەکادیمی کە لە توێژەر و قوتابیانی خوێندنی باڵا پێکدێن. ئەم کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ ئەو کەسانەی لە داهاتوودا توێژینەوەی زیاتر لە سەر سیاسەت و مامەڵەی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ پرسی کورددا دەکەن. جگە لەم دوو گرووپەش کەسانێک هەن چاودێر و هەواداری پرسە نێونەتەوەییەکان و جیۆپۆڵەتیکن، بۆ ئەوانیش دیسان ئەم کتێبە بایەخی دەبێت.
