ئێران داوای گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات

ناسر کەنعانی: عێراق بۆ ئێمە و ناوچەکە گرنگە
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بۆ وڵاتەکەی گرنگە و کاریگەری لەسەر دۆخی ناوچەکە دەبێت. داواش دەکات، لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان گفتوگۆ بکەن.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "رەوتی ئاڵوگۆڕییەکانی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئیران گرنگە. ئێمە پێمان وایە عێراق وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی ئەم وڵاتە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری لە ناوخۆی وڵاتەکە، هەروەها بوار خۆش دەکات و هەلومەرجی ئەوەش دەڕەخسێنێت، کە عێراق لە ئاستی ناوچەییشدا رۆڵی بنیاتنەری لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییە ناوچەکەدا بگێڕێت".

گوتیشی: "ئێمە پرسەکانی ئەمنییەت و سەقامگیریی عێراقمان بۆ گرینگە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر دەرفەتێک کە بتوانێت یارمەتیدەری برایانی عێراقی بێت، بۆ ئەوەی ئاشتی، ئارامی  و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە، کەڵک وەردەگرێت. پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ برایانی عێراقیمان، پەیوەندییەکی قووڵ و بەردەوامە. ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پەیوەندیمان هەیە و بە دڵنیاییەوە پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان یارمەتیدەری رەوتی ئارامی لەم وڵاتە بووە و لەسەر رۆڵی بنیاتنەر و یارمەتیدەری خۆمان بەردەوام دەبین".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەشڵێت: "ئێمە پەیام بۆ تاکەکان نانێرین و بە گشتی چاومان لە کۆی عێراقە، داوامان لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە گفتوگۆ بکەن، لەم پەیوەندییەشدا لە پەیوەندییە باشەکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کەڵکمان وەرگرتووە، ئێمە چاومان لە کۆی عێراقە و رووی قسەمان لەسەر لایەنێک یا رەوتێک بە تەنیا نییە".