توێژینەوەیەک باشترین تەمەن بۆ وازهێنان لە جگەرە ئاشكراده‌كات

جگه‌ره‌كێشان
جگه‌ره‌كێشان

K24 - هه‌ولێر:

توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی رایده‌گه‌یێنێت، باشترین ته‌مه‌ن بۆ وازهێنان له‌ جگه‌ره‌كێشان 35 ساڵییه‌، چونكه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ باشترین کاتە بۆ جەستەی مرۆڤ تا دەستبکات بە چاکبوونەوە لەو زیانانەی بەهۆی دوکەڵەوە پێی گەیشتووە.

جۆن پێرس، پزیشک لە زانکۆی ساندیگۆ لە کالیفۆرنیا له‌ نوێترین توێژینه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌یدا ئاماژه‌ به‌ باشترین ئه‌و ته‌مه‌نه‌ ده‌دات مرۆڤ تێیدا واز له‌ جگه‌ره‌كێشان بهێنێت و، به‌گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی پزیشكه‌كه‌ ئه‌نجامیداوه‌، 35 ساڵی باشترین كاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ واز له‌ جگه‌ره‌كێشان بهێنێت، چونكه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ باشترین كاته‌ بۆ جەستەی مرۆڤ تا  ده‌ستبكات بە چاکبوونەوە لەو زیانانەی بەهۆی دوکەڵەوە پێی گەیشتووە.

توێژینەوەکە لە ماڵپەری سینس ئەلێرتدا بڵاوکراوەتەوە کە ئەنجامدراوە لە رێگەی شیکردنەوەی داتاکانی زیاتر لە 550 هەزار بەشداربووەوە کە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 84 ساڵدا بووە.

له‌ ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، ئەو كه‌سانه‌ی پێش تەمەنی 35 ساڵی واز لە جگەرە دەهێنن رێژەی مردنیان هاوشێوەی ئەو کەسانەیە کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە لە کاتێکدا ئەوانەی لەتەمەنی 35 بۆ 44 ساڵیدا جگەرەیان کێشاوە، رێژەی مردنیان 21% زیاترە لەو کەسانەی جگەرە ناکێشن. به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كه‌، رێژەی مردنی کەسانی جگەرەکێش لە تەمەنی 45 ساڵیدا بۆ 47٪ بەرزدەبێتەوە.

ئەمە سێیەم توێژینەوەی گەورەیە ئەوە دەردەخات، کە تەمەنی 35 ساڵی تەمەنێکی نموونەییە بۆ دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە تەمەنی گەورەدا فێری جگەرەکێشان بوون.