لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت

خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

K24 - هەولێر:

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنن.

لە راگەیەندراوێکدا، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەشکرد، لەگەڵ زیادبوونی خۆپیشاندانەکانی ئێران، دەسەڵاتدارانیش سزای لەسێدارەدانیان زیادکردووە، ئەوەش بەڵگەیەکی روونە کە ئەو سزایە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنن.

هەروەها داواشی لە ئێران کرد، هەرچی زووە ئەو سزای لەسێدارەدانانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بەتۆمەتی خۆپیشاندان بەسەر چەند چالاکوان و خۆپیشاندەرێکیدا سەپاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان، داوای هەڵوێستی بەپەلەی نێودەوڵەتی کرد بەرامبەر ئەو رەفتارە سەرکوتکارانەی حکومەتی ئێران دژی خەڵک بەکاریدەهێنێت، تەنها لەبەرئەوەی داوای مافی خۆیان دەکەن.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە پاش گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران لە رۆژی 17ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستیپێکردووە، بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش تا ئێستا بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە نزیکەی 325 کەس گیانیانلەدەستداوە.