100 پەرلەمانتاری عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە نادەن

ئەگەر دەستکاری بەهای دۆلار نەکرێت پەرلەمانتاران ئامادەنین دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە بدەن
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە نێو پەرلەماندا 100 پەرلەمانتار ئامادەنین دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە 2023 بدەن، ئەگەر دەستکاری بەهای دۆلار بەرامبەر دینار نەکرێت.

عودەی عەواد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان وەک ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوەکانی گوشارکردن بۆ دەستکاریکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار زیاد دەکەن.

گوتیشی "نزیکەی 100 پەرلەنتار پەیمانی بە خوا و گەلی عێراق داوە، کە دەنگ بە پڕۆژە یاسایەک نادەن و ناچنە ژێر گوشارەکانی سەرۆکی فراکسیۆن و هەر گوشارێکی دیکە، ئەگەر بەهای دۆلار دەستکاری نەکرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق داوای لە سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی دەکات، ئەگەر پشت ئەستوورن بە تێپەڕینی پڕۆژە یاسای بودجە، با چاوەڕێی سەرۆک فراکسیۆنەکان بن تاوەکو دەنگی پێبدەن.

دەشڵێت: "ئەو 100 پەرلەمانتارە لە زۆربەی حزبە سیاسییەکانن، داواشیان ئەوەیە بەهای دۆلار بۆ ئاستێک دابەزێت کە بارگرانی سەر هاووڵاتییان کەم بێتەوە، نەک بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشووی".