مانگرتنی گشتی لە زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکات

مانگرتنی گشتی لە ئێران
مانگرتنی گشتی لە ئێران

K24 – هەولێر

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، پێنجی کانوونی یەکەم) مانگرتنی گشتی لە دەیان شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و قسە لەبارەی بەردەوامیی سێ رۆژەی مانگرتنەکە دەکرێت.

دوکانی شەقامەکانی لالەزار، وەلیعەسر، سەتارخان، باغی سوپاسالار و چەند ناوچەیەکی دیکەی تاران و گەوهەردەشت، فەردیس و مێهرشەهری کەرج، داخراون.

لە هەفتەی رابردووەوە، چەند رێکخراو و ناوەندێکی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران، داوای مانگرتنی گەشتی و داخستنی دوکانەکانیان بۆ ماوەی سێ رۆژ (دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە) کردووە.

هەروەها ئەمڕۆ کاسبکارانی شارەکانی تەورێز، ئیسفەهان، ورمێ، مەشهەد، نەیشابوور، شیراز، کرمان، ئەراک، رەشت، ئەنزەلی، لاهیجان، بجنورد، بەندەرعەباس، بوشەهر، یەزدانشەهر، سنە، مەریوان، مهاباد، پاوە، سەقز، ئیلام، کەنگاوەر، دێوڵان، دیواندەرە و شنو، دوکانەکانیان نەکردەوە.

لەلایەکی دیکەوە کاسبکارانی گۆڕەپانی نەقشی جیهانی ئیسفەهان و بازاڕی فەڕشی تەورێز، دوکانەکانی خۆیان داخستووە.

لە چەند شارۆچکە و بازاڕی پارێزگاکانی فارس، بوشەهر، کرماشان، سیستان و بەلوچستان و خوزستان، مانگرتن بەڕێوەچووە.

زیاتر لە ٨٠ رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. زۆربەی ئەو خۆپێشاندانانە کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێکەوتەوە و بەپێی چالاکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، تا ئێستا زیاتر لە ٤٨٠ خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و ١٨ هەزار کەسی دیکە دەستگیرکراون.