ساڵی 2022 رێژەی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان سەدا 25 بووە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ئامارەكانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جیاوازە، بە گوێرەی ئامارەكان ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان لە هەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیری، یەکێکیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێهاتووە، رێژەی جیابوونەوەش زیاتر لە ناو شارەكاندا تۆماركراون.

لە ساڵی 2022 بەپێی‌ ئامارەكانی دادگای باری كەسی سلێمانی،16 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری تۆماركراوە. نزیكەی 60%ـی ئەو كوڕ و كچانەی هاوسەرگیریان كردووە، تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵ بووە. هەر بەپێی ئامارەكان لە پارێزگای سلێمانی، یەک لەسەر سێی ئەو كەسانەی هاوسەرگیریان كردووە، ژیانی هاوبەشیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێهێناوە.

هەر لەو بارەیەوە، یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلام بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022ـدا، هەزار و 604 حاڵەتی تەڵاق له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌لایه‌ن لیژنه‌ی فه‌تواوه‌ یەکلایی کراونەتەوە.

یەکێتییەکە ئاماژه‌یداوه‌، سەرجەم ئەو کێشه‌ خێزانییانه‌ی لە ساڵی رابردوو روویانکردووه‌ته‌ لقەکانی یەکێتی زانایان سێ هەزار و 148 حاڵەت بوونە، لە نێویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەر و بە تەڵاق کۆتاییان هاتووە، بریتی بوونە لە هەزار و 604 حاڵەت.