سبه‌ی شه‌ممه كۆنفرانسی یه‌كێتی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی له به‌غدا ده‌ست به كاره‌كانی ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌ری په‌رله‌مانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له به‌غدا كۆده‌بنه‌وه و باس له دۆخی ئابووری، ئه‌منی و بواره‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه و جیهان ده‌كه‌ن و گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراقیش بۆ هاوكێشه‌ی كاری هاوبه‌شی عه‌ره‌بیش یه‌كێك ده‌بێت له ئامانجه‌كانی گه‌وره‌ترین دیداری سیاسی له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی وڵاتانی عه‌ره‌بی.
سبه‌ی شه‌ممه (25ـی سوبات/فێبرایه‌ری 2023)، كاره‌كانی 34ـه‌مین كۆنفرانسی یه‌كێتی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی له به‌غدا ده‌ستپێده‌كات، كه بڕیاره بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ به‌رده‌وامبێت.
محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش كه وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی ده‌ستنيشانكراوه، پێشوازی له شاندی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی شوورای وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كارنامه‌ی كۆنگره‌كه راپۆرتی ئه‌مینداری گشتیی یه‌كێتییه‌كه و ژمێریاری کۆتایی ساڵی 2022 و رەشنووسی 34ـەمین كۆنفرانسی یەکێتی پەرلەمانی عەرەبی لەخۆدەگرێت، وێڕای پێشكه‌شكردنی چه‌ندین گوتار له‌لایه‌ن به‌رپرسانی په‌رله‌مانی وڵاتانی عه‌ره‌بی.
هه‌روه‌ها له په‌راوێزی كۆنفرانسه‌كه‌دا، ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی جیاوازیش له‌نێوان لیژنه‌كان له‌باره‌ی دۆخی ئابووری، دارایی، ئه‌منی و بواره‌كانی دیكه ئه‌نجامده‌درێن و دۆخی هه‌نووكه‌یی ناوچه‌كه، وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان به‌گشتی و كاریگه‌رییه‌كانی دوایین گۆڕانكاری له‌سه‌ر وڵاتان تاوتوێده‌كرێن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، حه‌مود بن ئه‌حمه‌د ئه‌لیه‌حیائی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شوورای میرنشینی عومان، كه هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی جێبه‌جێكاره له یه‌كێتی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی، له لێدوانێكدا، ئه‌جێندای سه‌ره‌كی کۆبوونەوەکانی یه‌كێتییه‌كه‌ی ئاشكراكرد و گوتی: گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عێراق بۆ پێشه‌نگی وڵاتانی عه‌ره‌بی، تاوتوێکردنی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م یه‌كێتییه‌كه و چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كان ده‌بن.
یەکێتی پەرلەمانی عەرەبی، رێکخراوێکی په‌رله‌مانی عەرەبییە و پێكهاته‌كه‌ی نوێنەرانی ئه‌نجوومه‌نی شوورا و پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی له‌خۆده‌گرێت، كه ئه‌و یەکێتییه لە دوای جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973 به‌مه‌به‌ستی گەشەی هاوکاریی نێوان وڵاتانی عەرەبی دامه‌زراوه.
یه‌كه‌م كۆنفرانسی یه‌كێتییه‌كه به به‌شداری نوێنه‌ری 10 وڵات لە (19-21ـی حوزەیران/یۆنیۆی 1974) لە دیمەشق به‌ڕێوه‌چوو، له‌میانیدا سێ بەڵگەنامە پەسەندکران، كه بریتیبوون له بەیاننامەی دامەزراندن، رەشنووسی جاڕنامه‌ی یه‌كێتییه‌كه و رەشنووسی په‌یڕه‌وی ناوخۆ.