دوای 40 رۆژ لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک چوار منداڵ بەزیندوویی دۆزرانەوە

شوێنی رووداوەکە
شوێنی رووداوەکە

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆلۆمبیا رایگەیاند، 40 رۆژ لەمەوبەر فڕۆکەیەکی بچوک لە جەنگەڵەکانی کۆڵۆمبیا کەوتە خوارەوە کە حەوت کەسی تێدابووە چواریان منداڵ بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، دوێنێ هەینی منداڵەکان بە زیندوویی دۆزرانەوە.

گۆستاڤۆ پترۆی، سەرۆکی کۆلۆمبیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، "ئەو منداڵانەی 40 رۆژ لەمەوبەر ونبوون بە زیندووی دۆزراونەتەوە"، هەروەها لەگەڵ تویتەکە وێنەی سەربازێکی داناوە کە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و دۆزینەوەدا کردووە.

 فیدنسیۆ ڤالێنسیا، باپیرەی منداڵەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "بەڵێ دۆزراونەتەوە"، گوتیشی لەلایەن دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە دۆزراونەتەوە کە هەرلەسەرەتای رووداوەکەدا بەدوایان دا دەگەڕان.

منداڵەکان سەر بە هۆزی رەسەنی "وێتۆتۆن"ن، لە یەکی مانگی ئایارەوە بە فڕۆکەیەکی جۆری سیسنا 206 لەگەڵ دایکیان و خزمێکیان و فڕۆکەوانەکە، لەناو دارستانەکەدا ون بوون، ئەو سێ کەسە  گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان لە شوێنی رووداوەکە دۆزراونەتەوە.

بەرپرسانی تایبەت، کە منداڵەکانیان گواستووەتەوە دەڵێن: ئێوارەی رۆژی هەینی، لێسلی تەمەن 13 ساڵ، سۆلینی تەمەن نۆ ساڵ، تیان نۆریێل تەمەن چوار ساڵ و کریستین تەمەن یەک ساڵ، لە جەنگەڵەوە بە هێلیکۆپتەر گواسترانەوە بۆ شاری سان خۆسێ دێل گواڤیاری

وێنەی منداڵەکان
وێنەی منداڵەکان

پترۆی سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو منداڵانە بێهێزن و دەبێت پشکنینی پزیشکییان بۆ بکرێت.

زیاتر لە 100 سەرباز بە سەگی راهێنراو و دەیان خەڵکی رەسەنەوە لە نێوان پارێزگاکانی گواڤیاری و کاکیتادا بەدوای ئەو منداڵانەدا دەگەڕان.