بودجە و دەرئەنجامەکانی

Kurd24

پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵەی عێراق، لە (12ـی حوزەیرانی 2023)ـی پەڕلەمانی عێراق کە سێ شەو مشتومڕو زۆرترین دەنگدانەوەی دروستکرد، تیایدا ئیرادەی زۆرینەی شیعە بە ئاشکرا خۆی سەپاند و هەندێک بڕگەی مادەکانی 13 و 14یان بەدڵی خۆیان و بە ئامانجی لەقاڵبدانی قەوارەی هەرێم گۆڕی، بەڵام مەرج نییە دەرەنجامەکانی بەدڵی زۆرینە بێت.

لاوازترین ئەڵقەی ئەم بودجەیە ئەوەیە بەڕێژەی  98% پشت بە ئابووریی رەیعی بەرهەمە نەوتییەکان دەبەستێت و هیچ جۆرە هونەرێکی تێدا نییە و گەر پێمان وابێت باشترکردنی دۆخی ئابووری هاووڵاتییان و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و هەستانەوەی دراوی عێراقی لێدەکەوێتەوە بەرەو بە سەنگافورەکردنی عێراق، ئەوا بەهەڵەدا چووین. چونکە شەڕە سەختەکە بریتییە لە ده‌رهێنانی نه‌وت و بردنی نه‌وت و فرۆشتنی نه‌وت و تاڵانکردن و به‌ تانكه‌ربردنی نه‌وت بۆ گرووپگەلێکی ئەقتابی باڵادەست و دەسەڵاتدار. 

بۆ پڕکردنەوەی ئەم بودجە خەیاڵییەی کە عەرەبەکان زۆر شانازی پێوەدەکەن وەک چەسپاندنی بنەما دەستورییەکانی دەوڵەت، عێراق دەبێت پابەند بێت ساڵانە 153 ملیار دۆلار نەوت بفرۆشێ و (عجز)کورتهێنان روونەدات و دووچاری ماڵوێرانی تر نەبێتەوە، دەبێ نەوتی جۆری برێنت Brent Crude نەک خام Crude-WTI بفرۆشن کە بەرمیلی بە 70$ بۆ ئەمساڵ 2023 دیاریکراوە و رێژەیەکی بەرزەو هەر لە ئێستاوە بودجە کورتهێنانی هەیە و بۆی پڕنابێتەوە.

جا ئەگەر ئەو حەفتایە گریمان هاتە خوارەوە بۆ پەنجا و شەست دەبێ چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی گەڕی تازەی ململانێکانی هەولێر-بەغداد و بڕینی قووتی فەرمانبەرانی هەرێم بین، چونکە نزمبوونەوەی نرخ، باسنەکراوە لە بودجە و ریسکێکی مەترسیدارە. لەکاتێکدا دەبێت پلانت هەبێ خستنە رووی فرۆشی نەوت بۆ بازاڕی جیهانیی هاوسەنگ بکەیت و بە گۆترە نەبێت وەک ئەوەی ئێران و رووسیا گەرەکیانە، ئەوکات دەتوانی نرخی نەوتی برێنت بە بەرزی رابگریت، ئێستا چین و رووسیا و ئێران لە رێگای دەیان میلیشیا و فیرقە و مافیای سەربازی نهێنییەوە کۆنتڕۆڵی فرۆشتنی نەوتی قاچاخ و فەرمی ئەم ناوچەیەیان کردووە بەشێوەی کاتی، سعوودیە و هەندێک وڵاتی تری ئۆپیک بە پشتیوانی ئەمەریکا شانیان داوەتە بەر ئەم دۆخە و سەیردەکەن، بۆیە بودجەی عێراقێکی بێسەروبەری لێکترازاو یەکپارچە پەیوەندی هەیە بە بەرزی و نزمییه‌كانی نه‌وت و جۆره‌كانی هەناردەکردنی برێنت و خام و سووك و قورس و بارمتەیەکی قورسە بۆ تاکی عێراقی.

گرووپی رێکخراوی ئۆپیک کە لە 13 وڵات بە سەرۆکایەتیی راستەوخۆی سعوودیە و ناراستەوخۆ ئەمەریکا و 10 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپیک پڵەس پێک دێت، جەزائیر، ئەنگۆلا، کۆماری کۆنگۆ، گینیا، فەنزویلا، گابۆن، سعوودییە، ئیمارات، عێراق، کوێت، نەیجیریا، لیبیا، ئێران، ئەمانە خەریکن بە بەردەوامی خستنەڕوو کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی نرخ جێگیربکەن و بڕی هەناردە کەم بکەنەوە و وڵاتانی ئۆپیک پڵەسیش، ئازەربایجان، بەحرەین  برۆنای، کازاخستان، مالیزیا، مەکسیک  عومان، رووسیا، سوودان، باشووری سوودان، یاری دەکەن بە بڕی خستنەڕووی نەوت و نرخەوە بەڕابەرایەتی رووسیا و چین.

کۆمپانیای بازاڕگەری نەوتی نیشتمانی سۆمۆ رەنگە دوایین کۆمپانیای بێخەبەر بێت لەو دۆخە و هەر هەناردە زیاد دەکات و ئەگەر بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان نەدرێت ئەوا نرخی یەک بەرمیل نەوت بەدڵنیاییەوە دەگاتە 50$. ئۆپیک پڵەس بۆ هاوسەنگی نرخ لە دابەزین، لەساڵی 2022، بڕیاریدا ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر بەرهەمبهێنرێت لەو 43 ملیۆن بەرمیلەی ئەندامەکانی هەناردەی دەکەن بۆ بەندەرەکان، لەو بڕە پشکی عێراق بۆ کەمکردنەوە 220 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو کە عێراقی توشی چ داڕوخانێک و دزی سەدە و بێ بەهاکردنی دینار و نەمانی سیولەیەکی بانکی کردەوە، بۆیە دوای پەسەندکردنی بودجە، رەنگە دۆخی خراپتر دروست بێت و تەنها سۆمۆش بەرپرسە نەک کورد. لە کۆبوونەوەی دوو هەفتەی پێشووی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا لە پێناو هاوسەنگی نرخدا، بڕیاریاندا بۆ ساڵی 2024 رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل کەم بکەنەوە لەپێناو سەقامگیریی نەوت بەڵام وادیارە بۆ عێراق کارەساتبارە چونکە ناتوانێ خستنەڕوو کەمبکاتەوە بەهۆی نەبوونی  سیولەی بانکی و قەرزی دەرەکی و 11 ملیار قەرزی گازی ئێرانی و کورتهێنانی بودجە و وەستانی هەناردەی نەوتی کوردستان کە زیانە بۆ ئاوبوریەکەی.

عێراق خۆی هیچ سیاسەتێکی نەوتیی نییە و یاریپێکراوە، لەکاتێکدا سێیەکی یەدەگی نەوتیی جیهانیی هەیە و رۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردە دەکات نزیک بە 12%ـی ئۆپیک پڵەس،  لە دوای پرۆسەی ئازادی لە (9ـی نیسانی 2023) تاوەکو ئێستا زیاد لە 850 ملیار دۆلاری دزراوە و هەزاران بیرە نەوتی قاچاخی هەیە و بڕی بەکارهێنانی نەوتەکەی بۆ خزمەتکردنی پارێزگاکانی نییە و برەو بە تۆتالیتاریزم و حەشد و هێزی سەربازی قوڵ دەدات و بەپێی ئاماری نارەسمی ساڵانە زیاد لە 10 ملیار دۆلار خەرج دەکات لە چەک و جبەخانە و میلشیاکانیدا، بەشێکی زۆری ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ دروستکردنی هێزی میلیشیایی و گرووپی مەزهەبی و قایمکردنی دەسەڵاتی وەلائییەکان خەرج دەکرێت، بۆیە ئاسان نابێت چاوەڕوانی دەرئەنجامی پۆزەتیڤ بکەین لە بودجەیەک، کلیلەکەی لە دەستی سەربازەکانی مەرجەعیەتدایە نەک پسپۆڕەکانی بانک و ئابووری و ئینڤێستگەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.