کابینەی نۆیەم، پاراستنی سامانی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرنامە رێژییەکی دوورمەودا، کاری لەسەر دەرهاویشتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاوی پاک کردووە کە دوو ئالنگاری جیهانین و لەسەر ئاستی جیهاندا پلەکانی گەرما لە بەرزبوونەوەوەن و قەیرانی جیاوازیان بەدوای خۆیاندا هێناوە.

بۆ کەمکردنەوەی لێکەوەتەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی دەستبەکاربوونییەوە، رێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی سەرمایەی ئاوی کوردستان گرتەبەر و یەکێک لەو هەوڵانەش دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری پۆند بوو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی لە کابینەی نۆیەمدا، رەزامەندی لەسەر دروستکردنی 41 پۆند بە چەند قۆناغێک دراوە، کە لە قۆناغی یەکەمدا، 23 پۆند و لە قۆناغی دووەمیش رەزامەندی لەسەر 14 پۆند دراوە. دواتریش لە قۆناغی سێیەمیدا رەزامەندی لەسەر دروستکردنی چوار پۆندی دیکە دراوە.

پۆندەکان لە گوندەکانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دروستکراون، کە ئامانجی سەرەکییان جگە لە پاراستنی سەرمایەی ئاو، کۆکردنەوەی ئاوی پێویستە بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پاڵپشتیکردنی جووتیاران و رەخساندنی هەلی کار و پاراستنى هاووڵاتییان لە لافاو و زیادکردنى ئاوى ژێر زەوی.

بە درێژایی کابینەی نۆیەم، بە قەبارەی 26 ملیار و 243 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی پۆندەکان تەرخان کراوە، کە ئێستا بە قەبارەی 22 ملیار و 470 ملیۆن دینار پۆند لەژێر بواری جێبەجێکردندایە، هەروەها بە درێژایی کارکردنی کابینەی نۆیەم بە قەبارەی 2 ملیار و 172 ملیۆن دینار پڕۆژەی پۆند تەواوکراون و بە گوژمەی ملیارێک و 600 ملیۆن دینار پۆند نۆژەنکراونەتەوە.

هاوکات پێشنیازی دروستکردنی 23 پۆندی دیکەشی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە کە بڕیارە لەسەر رووبەری دوو هەزار و 139 دۆنم دروست بکرێن و توانای گلدانەوەی چوار ملیۆن و 492 هەزار و 734 مەتر سێجا ئاویان دەبێت و هەزار و 389 جووتیار لێی سوودمەند دەبن و تێچووی دروستکردنیشیان دەگاتە 14 ملیار و 167 ملیۆن و 570 هەزار و 400 دینار.

لەبارەی خەرجی دروستکردنی پۆندەکانیش، کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کاری لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی تێچووى پۆندەکان، بەشێوەیەک خەرجی دروستکردنی پۆندێک بە بەراورد بە دروستکردنى پۆندەکانى پێشتر، 55% کەمکراوەتەوە.

پێشتر لە هەرێمی کوردستان 118 پۆند لەسەر رووبەری 479 هەزار و 364 دۆنم دروستکراون کە توانای گلدانەوەى 22 ملیۆن و 613 هەزار و 215 مەتر سێجا ئاویان هەیە و تێچوونی دروستکردنیان گەیشتووەتە 28 ملیار و 788 ملیۆن و 376 هەزار و 278 دینار بووە.

هەروەها کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش بۆ پڕۆژەی ئاودێری و پرۆژەی تایبەت بە پاراستنی ناوچەکان لە لافاو، بڕی 5 ملیار و 387 ملیۆن دینار تەرخانکردووە.

هەروەها زیاتر لە 243 ملیار دیناریش بۆ پڕۆژەی بەنداوەکان تەرخانکراوە. کە بە قەبارەی نزیکەی 196 ملیار دینار پڕۆژەی بەنداوەکانی پێجێبەجێ دەکرێت و دیزاین بۆ بەنداوی نوێ دادەڕێژرێت.

هەروەها زیاتر لە 5 ملیار دینار بۆ بەنداوی توڕەجار، زیاتر لە 4 ملیار دینار بۆ بەنداوی چەمرگە و 28 ملیار دینار بۆ بەنداوی دێوانە و 9 ملیار دینار بۆ بەنداوی خنس تەرخانکراون.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارەکانی 41 بەنداو لە رووی لێکۆڵینەوە و دیزاین کردن تەواوبووە و لە چاوەڕوانی تەرخانکردنی بودجەی پێویستە بۆ جێبەجێکردن.

هەروەها 10 بەنداو بە قەبارەی گلدانەوەی 243 ملیۆن مەتر سێجا ئاو، لەژێر جێبەجێکردندایە، کە گەورەترینیان بەنداوی گۆمەسپانە کە توانای گلدانەوەی 71.48 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە لە سنووری شەقڵاو لە پارێزگای هەولێر.