کابینەی نۆیەم؛ کشتوکاڵێکی بەهێزتر بۆ داهاتوویەکی باشتر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سێکتەری کشتوکاڵ، بنەمای سەرەکی سیاسەتی ئابووری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە چوار ساڵی رابردوودا، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشتر لە رێگەی هەمەچەشنکردنی داهات و دابینکردنی سەبەتەی خۆراک و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، هاوکات بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران و رەخساندنی هەلی کار و بووژانەوەی گوندەکان.

لە ماوەی چوارساڵدا پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێکتەری کشتوکاڵ و جووتیاران پەرەسەندنێکی زۆری بەخۆوە بینیووە، قەبارەی وەبەرهێنان لەو سێکتەرە لە 1.8%ـەوە بەرزبووەتەوە بۆ 8%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لە چوار ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 173 پڕۆژەی کشتوکاڵی جێبەجێکراون، 30 هەزار خانووی پلاستیکی دروستکراون، حەوت کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتوون، 11 پڕۆژەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی قارچك، کارگەیەکی گەورەی چپس و فینگەر دروستکراون، لەم پڕۆژانە جگە لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەلی کاری بۆ زیاتر لە 15 هەزار دەستی کاری ناوخۆیی رەخساندووە.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، 24 هەزار و 410 بیری ئاو هەڵکەندراون بە جۆرێك لە هەولێر، نۆ هەزار و 315 بیری ئاو، لە دهۆک، سێ هەزار و 615 بیری ئاو، لە سلێمانی، نۆ هەزار و 686 بیری ئاو و لە گەرمیانیش هەزار و 796 بیری ئاو لێدراون.

هەروەها لە چوار ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمدا، خەمە گەورەکەی جووتیاران رەوێندرایەوە ئەویش بە دروستکردنی گەورەترین پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی 12 سایلۆی نوێ و 27 پەنکەر بە توانای عەمبارکردنی 841 هەزار تۆن گەنم.

لەلایەکی دیکەوە، عەلوەی هاوچەرخی هەولێر یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی کشتوکاڵ لە کابینەی نۆ کە لە 386 دوکان و 130 ساردخانە کە توانای هەڵگرتنی 22 هەزار تۆن بەرهەمی هەیە لە خۆدەگرێت، لەم پڕۆژەیەدا پێنج هەزار هەلی کاری بە شێوەی راستەوخۆ و 50 هەزار هەلی کاریش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێندرێت.

بە پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمێنانیان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەوانەش پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە. 

جگە لەمانە، یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکان، لە ساڵی رابردوو بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و تەحینی کونجی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران لێیدا دەژین، خواستی لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و ئاوتەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.

هەر لەسەر ئاستی بەرووبوومە ئاژەڵییەکان، بەرهەمی هێلکە لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان وێڕای پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی، بە رێژەیەکی زۆریش هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کراوە.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 33 پرۆژەی بەرهەمێنانی هێلکە دروستکراوە کە ئەمەش رێژەی پرۆژەکانی بە 200%ـی زیادیکردووە و رێژەی بەرهەمهێنانیش گەیشتووەتە دوو ملیار و 918 ملیۆن هێلکە لە ساڵێکدا کە ئەمەش بە رێژەی 100%  بەرزبووەتەوە.

هاوکات بە گوێرەی ئامارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو رێژەیەی بەرهەمهێنانی هێلکەدا، نزیکەی 920 ملیۆن هێلکە هەناردە کراوە.