ساڵی کۆچی و بێ دەوڵەتی، بێدەنگی و شەرم! 

Kurd24

کریستیانەکانی جیهان و کلدان و ئاشووری و ئەرمەن و تەواوی ئایین و ئایینزاو نەتەوەکان لەسەری ساڵی زاینی و ڕۆژژمێرەکەیدا دونیا دەکەن بە چراخان و چرکەساتێکی مێژویی و تۆمارێکی نوێی پێکەوەژیان و تۆلێرانس و ئاشتەوایی و ئیرادەبەرزیی.

موسوڵمانەکان و بەتایبەت کوردە موسوڵمانەکان بەهۆی ئەو ستەمکاریی و داگیرکارییە پەروەردەیی و زیهنی و کەلتوری و ئاینییەوە کە تائێستا وەک سێبەر وەبان سەریانەوە وەستاوە، لەسەری ساڵی کۆچیدا نەک بیریان دەچێت ڕۆژو شەوەکەی بڕازێننەوە بەچەندین نمایش و سروت و پەرستش و نیەت و نیازمەندیی بۆ ساڵێکی نوێ، بگرە رۆژەکەشیان لێ تێک دەچێت و هەندێک موسوڵمان ساڵەکەش نازانن ساڵی چەندە و تەنها لە فەیسبووک و سۆشیاڵمیدیاوە پیرۆزباییەکی سادەی ئاسایی دەکەن، دەی ئەوە بەڕاستی جەهلێکی پەتییە بۆ موسوڵمانان و خۆدوورگرتنە لە بۆنەو شەعیرە ئاینیەکانی وەک سەری ساڵی کۆچی و هیجرەتی یاران و کارەساتە ساتەوەختێکی ئاوا نادیدە بگرن.

موسوڵمانی راست دەبێت بڵێ ساڵی من ساڵی کۆچییە بێ دودڵی و بەدەنگی بەرز ئاوازەکەی گەڕەک و شار بەجارێک بتەنێ، ھیجرەتی پێغەمبەری پێشەوا لە مەککەوە بۆ مەدینە، رەنگڕێژی پڕۆژەو قۆناغێکی هەستیارو نوێی دەوڵەتداری بوو کە دواتر بوویە سیمبولی پێکەوەیی و لێبوردنی ئاینیی بۆ سەردەمێکی تاریک و دەیجور.

ئەوە سەرەتایەک بوو لە تێپەڕبوون بەناو ستەم و خوێن و چاکسازیی عەقڵیی و قەبیلەیی و نەریتگەرایی و تێگەیشتنی خێڵ بۆ دەوڵەت و پێکەوەژیان و لوتکەی یەکتاپەرستی و ئارامی و ھیواش بوو بۆ گەلانی چەوساوەو بێ ناسنامەو بێدەوڵەت، دەستپێکی دەوڵەتداریی و دەستووری سیاسی و دینیی مەدینە بوو لە 62 بەندو بنەمادا، کە لە شەوی کۆچدا نوسراو بوویە ستراتیژو میساقی مەدینە بۆ دەیان فەرمانڕەواو قەڵەمڕەوی و هەرێم و والی ناو خەلافەت، ئەمە شکۆدارکردنی دەوڵەتی مەدەنی دینی بوو، ئیرادەی خەڵکی بێ شوناس و چەوساوەبوو، بەرهەمی خەبات بوو، بۆیە شەرمی ناوێ بە دەنگی نزم یادی بکەنەوەو بۆ ساڵی زایینیش بکەن بەجەژن و بە هەزاران وێنە و شیرینی و ئاهەنگ بڵاوبکەنەوە کە ئەمەیان وێنەی ساڵی پێشوەو ئەوەش ساڵی نوێ، ئەی بۆ ساڵی کۆچی بۆ بێدەنگیت ئەی عەبدی شەرمن؟

رۆحی منێکی کوردی موسوڵمان لەم دیرۆک و بیرەوەریی و سەری ساڵەوە زۆر نزیکترە لە سەری ساڵەکانی تر، ئەوانیش پیرۆزیان بێ و گەلی من پیرۆزتری بێت، چونکە گەل و نەتەوەی من هێشتا گیرۆدەی میساقێکی وەهای مەدینەیە کە دەوڵەتی لەسەر دروست بکرێت و بێبەش نەبێت لەو خەون و قەوارە دەوڵەتیە، کە بەسەدان دەوڵەتی مەزهەبی دینی تاکڕەوی فاشیستی جۆراوجۆر هێشتا دژیەتی.

وەرنەدەرەوەو بیکەن بە جەژن، بۆهەموو شتێک شەرم بکەن، بەس بۆ عەقیدەو شوناسی ئاینی و شوناسی نەتەوەیی و دەوڵەتسازیی نا.

ھیجرەتی مێژوویی سەروەرمان محمد (د.خ) و شکۆداریی و فەزیلەتی تاک و دروستکردنی قەوارەو شوناسی دەوڵەتیانە لە موسوڵمانان پیرۆزبێت و بەختەوەریی و ئاشتەوایی و سەربەخۆیی بێنێت بۆ ئەم ھەرێمە و رزگاری بێت لەدەست جەورو ستەمی سەدان ساڵەی سوڵتان و ئیمپڕاتۆرو دەوڵەتانی مەزهەبی و دینیی ستەمکار.