لۆزان لە فنجانی قاوەیەکی ئێسپرێسۆدا

Kurd24

خەمی هەڵوەشاندنەوەی غەدری پەیماننامەی لۆزان خەم و پڕۆژەیەکی گەورەیە و لەناو فنجانی قاوەیەکی تاڵدا نییە لەکافێکانی ئەوروپادا، تا بەچەند وتارو بڵاڤۆک و کۆنفڕانسێک چارەسەری بکەن و وەک جینۆسایدی کوردان و پرسە دیموکراسی و نیشتمانییەکانی دیکە و ئاڵای کوردستان، ئەویش پەرت بکەن، ئەسڵەن بەوجۆرە شکۆی کورد ناپارێزرێ و گوتاری کورد و ئێش و ئازارەکانی نانوسرێتەوە، خۆری کوردان تەنها لە ناوخۆی نیشتمانەوە هەڵدێ و لەسەر خاکی خۆی و بە مۆڕاڵی بەرز و ئیرادە و یەکڕیزیی نەتەوەیی نەک پەرتەوازەیی و حزبیی.

لۆزان خۆ شانازیی نییە بۆ ئەوروپا، تا مرۆڤی کورد سناپی پێوە بکات و وێنەی شارستانییەتی ئێستای پەرلەمان و مۆزە و موزیک و ئۆکێسترا و شەقام و هۆتێل و کافێکانی بگرێت و بەئایدۆلۆژیی بکات لە گەشتێکی کاتی و راگوزەردا، شورەیی و شەرمە بەنێوچاوی سویسرای بووکی ئەوروپاوە، لۆزان دەلیل و سڵۆگانێکە بۆ دڵڕەقی و جەهل و فەسادی سیستمە ئۆرستۆکراتی و دیموکراتی و پادشاییەکانی رۆژئاوا کە نەیانتوانی بۆ یەک جار لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆ و مافە دیموکراتییەکانی کوردا تەبا بن.

لۆزان تاوان و برین و غەدرێکی مێژووییە و هێشتا خوێنی لێدەچۆڕێ لە جەستە و زیهن و فیکر و ئایدیای کوردی رەسەندا

لۆزان مێژووی درۆی سپی و رەشی رۆژئاواییەکانە وەک هەموو درۆکانی تریان، وەک چۆن فابریکە و کۆمپانیاکانیان بە بەرنامە چەکی کوشندەی کیمیایی سیانید و خەردەلیان دروست کرد و لەسەر دەستی، سەدانی وەک فراس ڤان ئانراتی سپیپێستی هۆڵەندی راسیست و بکوژ، فرۆشت و بەخشی بە رژێمی سەدامی دیکتاتۆر، دواتر دەهاتن فرمێسکیان بۆ لۆزان و هەڵەبجە و ئەنفال دەڕشت، لۆزان تاوان و برین و غەدرێکی مێژووییە و هێشتا خوێنی لێدەچۆڕێ لە جەستە و زیهن و فیکر و ئایدیای کوردی رەسەندا و درۆی کاراکتەرە سیاسییەکانی ئەوروپا و قاوەخواردنەوەی ملپێچ سوورەکانی خۆمان و دژە ناسیۆنالیستەکان و راوێژکار و خانەنشینانی ناڕازیی، هەرگیز چارەی ناکات و قەرەبووی ناکاتەوە و بەم فۆڕمەش یادی ناکرێتەوە.

دەبێت کورد گوتاری جددی رووبەڕوو بوونەوەی هەبێ لە ئێستادا دژی فاشیزمی نوێ و دیکتاتۆریزمی ناوچەکە، تۆی کورد دەبێت هەست بە گەرمایی ئەو غەدرە بکەیت و زیهنییەت و پەرێز و دیدگات پاک بکەیتەوە لە هەر ئاراستەیەکی دژە نەتەوەیی و جڤاکیی  و نیشتیمانی، تا مۆدێلی قەهر و ستەمکاری و غەدری مونەززەمی هەرێمایەتی و غەربی دژی گەلی کورد ستۆپ پێبکەین و بگۆڕین بە دۆخێکی باشتر لە ئێستا.

رێککەوتن و پەیماننامەکانی وەک سایکس پیکۆ و لۆزان و سەعدئاباد و جەزائیر هێشتا ئامادەیە و ئەوروپییەکان باشتر ئاگایان لێیەتی، تاوەکو بزنس و نەوت و گازی سرووشتی و سیخوڕی و سپیکردنەوەی پارەکانیان بەردەوام بێت، کەچی تۆی سادە و سایلە، وادەزانی پێکەنینی سیاسیەکی کەڵتەکۆنی بێویژدانی ئەوروپی و رۆژئاوایی دەتوانێت بەری پێبگرێت و قەرەبووی ئەو غەدرانەی مێژوو بکاتەوە.