بە درۆن هێرشکرایە سەر کیێڤ

K24 – هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووسیا بە درۆن هێرشی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

ڤیتالی کلیچیکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەرێگەی درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر شارەکە و هێزە ئاسمانییەکانی سوپای ئۆکرانیا وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ راشیگەیاند، هێرشەکە ناوچەی سۆلۆمیناسکی لە ناوەڕاستی کیێڤ بە ئامانج  گرتووە و زیانی بە چەند باڵەخانەیەک گەیاندووە، تیمەکانیشیان سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانن.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی یەکەی سەربازی شاری کیێڤ ئاشکرایکرد، رووسیا لە رێگەی 30 درۆنی ئێرانییەوە کوچە و کۆڵانەکانی شارەکەی کردووە ئامانج، بەڵام لە هێرشەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون و سوپای ئۆکرانیا زۆرینەی درۆنەکانی تێکشکاندووە.

ئەمە لە کاتێکدایە لەم ماوەیەدا ئۆکرانیا چەند جارێک بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر مۆسکۆی پاتیەختی رووسیا، دوایین هێرشی درۆنی کیێڤ بۆ سەر مۆسکۆ، 1ی ئابی 2023 بوو.