بە ڤیدیۆ؛ جارێکی دیکە بە درۆن هێرشکرایە سەر مۆسکۆ

ئەو باڵەخانەیەی لە هێرشە درۆنیەکەدا زیانی پێ گەیشتووە
ئەو باڵەخانەیەی لە هێرشە درۆنیەکەدا زیانی پێ گەیشتووە

K24 - هەولێر:

جارێکی دیکە لەرێگەی چەند درۆنێکەوە هێرشکرایە سەر مۆسکۆ و بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن، دوو درۆن تێکشکێندراوە و یەکێکی دیکەش زیانی بە باڵەخانەیەکی شارەکە گەیاندووە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو درۆنی ئۆکرانی لە مۆسکۆ لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە تێکشکێندراون و درۆنێکی دیکەش خۆی کێشاوە بە باڵەخانەیەکدا لە ناوچەی مۆسکۆ سیتی، کە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون نییە.

سێرگی سوبیانین، پارێزگاری شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا رایگەیاند، لەکاتی فڕینی درۆنێک بەسەر ناوچەی مۆسکۆ سیتی لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئاسمانی رووسیەوە تێکشکێندراوە، بەهۆی تێکشکاندنی درۆنەکەشەوە باڵەخانەیەک زیانی ماددی پێگەیشتووە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی رووسی ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەگەری هێرشی درۆنەوە فڕۆکەخانەی ڤنۆکۆڤۆی نێودەوڵەتی لە مۆسکۆ بۆ ماوەیەکی کاتی گەشتەکانی راگرتووە.

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی رووسیا لەکاتێکدایە، کە رۆژی 30ـی تەمووز لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر مۆسکۆ، هەمان باڵەخانە زیانی پێگەیشت.

سەرەتای ئەم هەفتەیە ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەمەودوا هێرشەکانیان دەبەنە قوڵای خاکی رووسیا و هێماکانی ئەو وڵاتە دەکەن ئامانج.

هەرچەندە حکومەتی ئەمەریکا لەماوەی رابردوودا باسی لەوەکردووە، کە هانی ئۆکرانیا نادەن، هێرش بکاتە سەر خاکی رووسیا، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، بەبێ هاوکاری ئەمەریکا و ناتۆ ئۆکرانیا ناتوانێت هێرشی درۆنی بکاتەسەر خاکی رووسیا.

لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێدەکەن و لەوکاتەوە تا ئێستا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.