عادل باخەوان: هاتنی وەزیرانی دەرەوە و وزەی تورکیا بۆ هەولێر بەڵگەیە هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی گرنگە

K24 - هەولێر

عادل باخەوان بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، دەڵێت: هاتنی وەزیرانی دەرەوە و وزەی تورکیا بۆ هەولێر بەڵگەیە هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی گرنگە لە ناوچەکەدا.

عادل باخەوان، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی هاتنی وەزیرانی دەرەوە و وزەی تورکیا گوتی: "هاتنی هەردوو وەزیرانی تورکیا کە پێگەی گرنگیان لە کابینە نوێیەکەی ئەردۆغان هەیە، بەڵگەی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا ئەکتەرێکی گرنگە بۆ تورکیا، من هەمیشە دەڵێم تورکیا، بەغدا وەکو رکابەر دەبینێت و نەبووە بە شەریک".

گوتیشی: "لەنێو وڵاتانی دراوسێ، تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە تورکیا ئەندامە لە هاوپەیمانی ناتۆ، سنووری لەگەڵ ئەوروپا هەیە و کاندیدە بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپا، تورکیا پردێکی بەهێزە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوروپا، خاڵێکی دیکە لە رووی ئابووری و وزەوە تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا هەبێت".

عادل باخەوان، ئاماژەی بەوەشدا: "سەردانی هاکان فیدان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بۆ ئەوە نییە دانوستانیان لەگەڵ بکات، بەڵکو بۆ ئەوەیە پێیان بڵێت ئەوە خواستەکانی ئێمەیە و پێویستە جێبەجێی بکەن، چونکە لە خەیاڵدانی سیاسیی و دیپلۆماسی تورکیادا شتێک نییە بەناوی دانوستان لەگەڵ عێراق، ئەوان دەزانن دەوڵەتێک نییە بەناوی عێراق خاوەن سەروەری بێت، هەروەها تورکیا هۆشیارە کە عێراق هیچ کارتێکی فشاری نییە دژی تورکیا بەکاری بێنێت، بۆیە تورکیا بە کۆمەڵێک داواکارییەوە هاتووە و دەڵێ: ئەگەر دەتەوەێت هاوکاریت بکەم بۆ گەشەپێدان، یەکەم پەکەکە چەک دەکەیت و لە عێراق وەدری بنێ، هەروەها ئەوەی بڕە پارەیەی لە مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دادگای نێوبژیوانی پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندراوە دایخە، دەبێ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و بە رێگەی تورکیادا بڕوات. ئەمە خواستە سەرەکییەکانی تورکیایە لە عێراق، ئەگەر ئەوەی بۆ نەکرێت ئەویش هاوکارنابێت بۆ عێراق، بە بڕوای من هیچ جۆرە پێشکەوتنێک لەنێوان تورکیا و عێراق لە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا بەدەست نەهاتووە".

راشیگەیاند: "پرسی پەکەکە یەکەم پرسە لە چوارچێوەی سیاسەتی تورکیا لەگەڵ عێراق، دەبێ عێراقییەکان ئەوە بە باشی تێبگەن، رەنگە لای سیاسییەکانی دیکە لە عێراق یەکەم پرس پەکەکە نەبێت، بەڵام لای تورکیا پرسی یەکەمە لە بەرامبەر ئاو و هەموو پرسەکانی دیکە".