عێراق بۆچی زۆر گرنگی نەدا بە هاتنەکەی هاکان فیدان؟

Kurd24

عێراق دەزانێت هاتنی کاراکتەرێکی سیاسی و ئەمنی کاریگەر بۆ وڵاتەکەی، شوێنپێ و سێبەری زۆر بەجێدەهێڵێت لە ئایندەی نزیکدا، ئەوەش دەزانێت هەرێمی کوردستان و عێراق دوو پاکێجی سیاسی سەربەخۆیە بۆ ئەمن و وزە، جگە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کە لەدوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی پاریس ڕاگیرا، پرسی ویلایەتە سونیەکانی موسڵ و کەرکوک و ئەنبار زیندوو دەکەنەوە بە پشتیوانی ئەو مەتبەخە گەرمە ئایدۆلۆژییەی کە میری قەتەرو سەرۆک کۆماری تورکیاو سەرۆکی ئازەربایجان بە تۆپزیی و سعودییە بە کاڵی پشتگیریی دەکەن و کاریان بۆ کردوە، هەربۆخۆی نەخشەڕێگای نیۆعوسمانیزم و پڕۆژەی ئاکەپە- مەهەپە، وەک فکر دژی یەکپارچەیی عێراق و ئێرانیزمی شیعەو دەوڵەتی وەلائییەو بە مەترسی ڕاستەقینەی دەزانن دژی خۆیان.

خراپتر لەو قوڵاییە ئابوری و مەزهەبی و میلیتارییە، لەوەش دەترسن هەولێر وەک سەنتەری ئەو جوڵەیە لەنێو ئەو هاوکێشەیەدا بێت، بۆیە پێش ئەوەی هاکان فیدان بگاتە بەغداد، پێش دوو ڕۆژ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتیان ناردە ئەنکەرە بۆ گفتوگۆو هەراسانکردنی تورکیا، بە ئامانجی ملکەچپێکردنیان بۆ جێبەجێکردنی بەندە قورسەکانی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس و قەرەبوو کردنەوەیان بەبڕی یەک ملیارو پێنج سەد ملیۆن دۆلار بۆ عێراق لەپای ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەوتیان فرۆشتوە بەبێ پرسی بەغداد. 

عێراق تا ئێستاش ئەنکەرەو کۆمپانیای بۆتاش، کە تایبەتە بۆریەکانی نەوت و گازی سروشتی تورکیا تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکاری لە واژوی ڕێککەوتنی بۆریە نەوتیەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٧٣، کەبەبێ ڕەزامەندی بەغداد نابێت نەوت هەناردەی تورکیاو بەندەری جەیهان بکرێت بەڵام تورکیا هەر سوورە لەسەر ئەوەی ئەم پرسە بە گفتوگۆ یەکلایی بکرێتەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە دیدی فاشیستانەو بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریەکانی دەیەوێت یان سەد بەدەست بهێنێت یان هیچ.

دواجار وروژاندنی هەرێمی دیکە بۆ سوننەو شیعەی دەرەوەی مەرجەعیەت یاریەی سوننەکان و قەتەرو تورکیایە بە سپۆنسەری ئەمریکا لەحاڵەتی پێڕاکێشیی و یاخیبوونی شیعەی حوکمڕان، بۆیە هەرێمی کوردیی باشترە بۆ سەقامگیری و ئارامی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە، گەرنا هەرێمی ئەنباری سوننەكان و موسڵی توركەكان (میساقی میللی) و بەسڕەی شیعەی بەرهەڵستکارانی ناڕازی، لە ئایندەی نزیكدا حازرە وەک کارتی بەدیل.