قسه‌یه‌كی جیاواز بۆ یادی ریفراندۆم
له ٢٥/٩/٢٠١٧ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامدرا و له ٪٩٢خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به به‌ڵێ دا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ئێستا دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و گۆڕانکاریه‌كانی دوای ئه‌و رووداوه مێژووییه شتێكی جیاواز ده‌بیستین، له‌و ده‌نگانه‌ی كه كاتی خۆی نه‌خێریان بۆ ریفراندۆم كرد و ده‌یانه‌ویست به‌و فۆڕم و شكڵه‌ی ئێستاوه ئه‌وكات له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام بین و ئێستا قسه‌ی تر ده‌كه‌ن، كاتی خۆی فاكته‌ر زۆر بوون بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، یه‌كێك له‌وانه وه‌لاوەنانی سیسته‌می فیدڕاڵی و گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌ركه‌زبوو و مامه‌ڵه‌كردن به مەبدئی زۆرینه و كه‌مینه و پشتگوێخستنی كورد، جیا له‌وه‌ش هاووڵاتی كوردستان وه‌ك پله دوو و سێ سەیر ده‌كران، پره‌نسیپی (ته‌وافوق و ته‌وازن و شه‌راكه‌ت) کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە ئەویش نه‌ما، ئیتر شتێك نه‌مابوو به‌ناوی ئه‌و عێراقه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان له دوای ٢٠٠٣ وه به ئومێده‌وه دروستیان كرده‌وه لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، به‌هه‌رحاڵ قسه‌ی جیاوازی ئه‌م جاره‌ی ئه‌م یاده له كاتێكدایه كه خه‌ڵكێك هه‌بوو له كوردستان كه‌مپینی ده‌كرد و سیاسی و په‌رله‌مانتاری به‌ناو كورد كه‌وتبوونه لێدانی ده‌هۆڵی ئه‌وه‌ی كه (ئه‌گه‌ر نه‌وتی كوردستان راده‌ستی به‌غدا بكه‌ینه‌وه به‌خێرا خۆشی و شادی دێته كوردستان و كوردستان پرده‌كرێت له پاره)، ئه‌وه‌نده كه‌مپین كرا له‌دژی نه‌وتی كوردستان نیو ئه‌وه‌نده خه‌ڵك ئاگای له‌وه نه‌مابوو كه عێراق غه‌رق بووه له گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی پاره. تاكه شت له كوردستان و له عێراقه‌وه كه‌مپینیان بۆ ده‌كرد راده‌ستكردنی نه‌وتی كوردستان بوو، چونكه ئه‌و به‌ره‌یەی كه دژی ریفراندۆم بوو دوای ریفراندۆمیش سه‌رمه‌شقی گوتاری خۆڕاده‌ستكردن بوو به‌قه‌ده‌ری به‌غدا، رووداوه‌كانی چه‌ند مانگی رابردوو و دانووستاندنی هه‌ولێر و به‌غدا دوای راده‌ستكردنی نه‌وت زۆر شتمان پێده‌لێن، له‌وه‌ی ئێستا سه‌رمه‌شقانی پشتیوانی له سیاسه‌تی به‌غدا په‌شیمان بوونه‌ته‌وه و رۆژانه ده‌لێن: (ئێمه هه‌ڵه بووین كه گوتمان نه‌وت راده‌ست بكه‌ن)، لێره‌دا حه‌قیقه‌تی گه‌وره‌ی ریفراندۆم ده‌رده‌كه‌وێت كه له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵی فه‌لسه‌فیانه‌ی سیاسی بڕیاری لێدراوه نه‌ك له‌به‌ر خۆشی و شادی و كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و بیركردنه‌وه‌ی حزبی.
عێراق سیاسه‌تی مەغرور بوون به‌ری نه‌داوه و تا دێت پشت له‌و پڕه‌نسیپانه ده‌كات كه عێراقی نوێی له‌سه‌ر دروست بوو، ئێستا كێ دژایه‌تی مافی ره‌وای گه‌لی كوردستان بكات له به‌غدا ئه‌وه ده‌نگی دلێرتره بۆ؟ چونكه ژینگه‌یه‌كی سیاسی له به‌غدا دروستكراوه كه سه‌رجه‌م پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر حسابی پاره‌ی ئه‌وان بووه، ئه‌م عه‌قلیه‌ته تا دێت په‌ره‌ده‌ستێنێت و به‌هێزتر ده‌بێت و شەقامی عێراقیش بەم شێوەیە هاندراون بەبێ ئەوەی بپرسنەوە کوردستان بەم بڕە بودجە کەمەی کە پێی دراوە و لە دوای شەڕی داعش ئەو قەیرانەی بۆ دروست کراوە بەڵام هەر لە پێشکەوتندایە بەڵام عێراقی خۆیان بەم هەموو بودجە و ئیمکانیاتەوە بۆ هیچی بۆ خەڵک و ئاوەدانی نەکردووە؟ بۆ بارودۆخی خەڵک بەم شیوەیە نالەبارە لە رووی خزمەتگوزاری؟ زۆرێك له‌وانه‌ی دژایه‌تی ریفراندۆمیان كرد ئێستا له‌وه گه‌یشتوون كه به‌غدا نه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان ناكات وه‌ك هه‌رێم، بگره هه‌ر رۆژه‌ی به‌ده‌ست دادگای فیدڕاڵییه‌وه چاڵێك هه‌ڵده‌كه‌نرێت و ده‌یانه‌وێت له ئه‌زموونی كوردستان بده‌ن، پێم وایه ئەو مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی دەکات دوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی نه‌وتیش ئەوەی بۆ هه‌ندێك خه‌ڵك له كوردستان روون کردەوە کە بەغدا نایەوێت کێشەکان بنبڕ بکرێن و حکومەتیش بیەوێت ئەوا لایەن و حزبە سیاسیەکانی بەغدا رێگری دەکەن، بۆیە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت نەبوایە هاوڵاتیانمان هەرگیز نه‌یانده‌توانی له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و دژایه‌تیه تێبگه‌ن كه له به‌غداوه به‌رانبه‌ر به كوردستان هه‌یه، من دڵنیام ئه‌گه‌ر رۆژانێك كه‌مپین چییه‌كانی دژی نه‌وتی كوردستان كه له به‌ره‌ی دژایه‌تی نه‌وتی كوردستان بوون، ئێستا له‌م بارودۆخه‌ی كه به‌غدا بۆ كوردستانی دروستكردووه، ئەگەر نه‌وتی كوردستان دووباره هه‌نارده بكرێته‌وه، شادی و خۆشی ده‌رده‌بڕن چونكه تێگه‌یشتوون كه فه‌لسه‌فه‌ی ریفراندۆم بیركردنه‌وه‌ی كه‌س و سه‌ركرده‌كان و حزبێك نه‌بووه، بریتی بووه له ده‌ربڕینی مه‌زڵومیه‌تی گه‌لێكی چه‌وساوه كه هەرگیز نایانه‌وێت به ئاواتی خۆی بگات.
له‌ماوه‌ی رابردوو لە زۆر شوێن ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی له سه‌رتاسه‌ری جیهان ئەنجامدراوە، به‌شێكیان سه‌ركه‌وتوو بوون و به‌شێكیان پێشووتر زۆر هه‌وڵیان بۆ داوه وه‌ك باشووری سوردان، من پێم وایه هیچ یه‌كێك له نمونه‌كانی ریفراندۆمی جیهان وه‌ك كوردستان نه‌بوون لە رووی زەروریەتەوە، چونكه خودی ده‌وڵه‌تێك غه‌در له گه‌لێك ده‌كات كه ئەو گەلە پێکهێنەری سەرەکی دەوڵەتی نوێی عێراقە، وێڕای ئه‌وه‌ی له دروستبوونی عێراق كورد به‌بێ ویستی خۆی به‌م ده‌وڵه‌ته‌وه لێكنراوه و ده‌رئه‌نجامی ئه‌م لكاندنە چەندین تاوانمان بەرانبەر ئەنجامدراون و بەردەوام دەوڵەتی عێراق نكۆڵی کردووە لە مافەکانمان و لە ئەنجامیشدا كاره‌ساتی جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیاباران دروست بووە، كه‌چی هێشتا به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستن و سیاسه‌تی برسی كردنیان گرتوه‌ته‌وه به‌ر، بۆیە ئیتر روونە کە عێراق و سیاسیەکانی نایانەوێت لەگەڵ کورد بەیەکەوە بە ئارامی لە یەک وڵات‌دا بژین و ئەمەش ریفڕاندۆمی کردە زەروڕەتێک، بۆیه مێژووی ریفراندۆم نه‌ك ده‌بێت هه‌موو سالێك به گه‌وره‌یی یادی بكرێته‌وه به‌ڵكو ده‌بێت نه‌وه له دوای نه‌وه وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی قوڵی گه‌لێكی سته‌م دیده لێی بڕوانن، چونكه بناغه‌ی ریفراندۆم له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی قوڵ و دروست بوو كه ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و زوڵم و سته‌مه بوو له‌گه‌لی كوردستان كراوە و بە بەردەوامی دەکرێت. ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه له‌م ساڵیاده‌دا باس بكرێت ئه‌وه‌یه‌وه كه گه‌لێك چاره‌نووسی خۆی دیاری نه‌كات و نه‌یكاته (سیاسه‌تی حاڵ-ئه‌مری واقع) قه‌د یاساكانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی ناكه‌ن، له‌ماوه‌ی رابردوو چ كاتێك یاسایی نێوده‌وڵه‌تی له‌پشتیوانی گه‌لی زوڵم لێكراو بووە؟ تا پێمان وابێت كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتی تێكردووین. وڵاتانی دونیا و زلهێزەکانیش لە نێوان خۆیاندا بەرژەوەندییەکانی خۆیان زیاتر بەلاوە گرنگە و دەیپارێزن. بۆیە هەتا خۆمان مشوڕی خۆمان نەخۆین ئەوا نابێت پێمان وابێت کە وڵاتان و خەڵکی تر لە ئێمە دڵسۆزترن بۆ چارەنووسمان و بەدەستهێنانی مافەکانمان، بۆ ئەم مەبەستەش تەنها یەک ڕیزییە زامنی بەدیهێنانی هەموو و مافەکانمانە و فاکتەری سەرکەوتنمان دەبێت. پیرۆز بێت یادی ریفراندۆمی مەزن و بە ئومێدی گەیشتن بە ئەنجامەکەی.