وه‌زیری دادی توركیا گوله‌ن به خومه‌ینی ده‌شوبهێنێ

K24 - هه‌ولێر:
به‌كر بۆزداغ، وه‌زیری دادی توركیا، فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ت، به خومه‌ینی ده‌شوبهێنێت و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه سه‌ركه‌وتووبایه، گوله‌ن هاوشێوه‌ی خومه‌ینی ده‌گه‌ڕایه‌وه وڵات.
ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵو، لێدوانێكی به‌كر بۆزداغ، وه‌زیری دادی توركیای بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه ده‌ڵێت: "رێكخراوه تیرۆریستییه‌كه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، ماوه‌ی 40 ساڵه پلانی ئه‌نجامدانی كوده‌تای سه‌ربازی له توركیا داده‌ڕێژێت، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی دامه‌زراندنی كه‌سانی سه‌ربه‌خۆی، له هه‌ستیارترین جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت".
وه‌زیری دادی توركیا، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی گوله‌ن بۆ توركیا، جیا له ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستوور، سیسته‌مێكی دیكه‌ی سیاسیشی داده‌مه‌زراند".
له باره‌ی وه‌رگرتنی پۆست و پله‌و پایه‌ی سه‌ربازی، ئه‌و ئه‌فسه‌ره باڵایانه‌ی سوپای توركیا، كه هه‌وڵی كوده‌تاكه‌یاندا، به‌كر بۆزداغ گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌یری وه‌رگرتنی پله و پایه‌ی سه‌ربازی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه بكه‌ین، ئه‌وان به‌ر له هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی له ریزی سوپادابوونه و پێشتر به‌رپرسیارێتییان وه‌رگرتووه".
به‌رپرسانی باڵای توركیا، به‌رده‌وام فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ت، به ئه‌نجامدانی كوده‌تا سه‌ربازییه شكستخواردووه‌كه‌ی 15ی ته‌ممووز/ یۆلیۆ، تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، هه‌رچی گوله‌نه به‌رده‌وام ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه.