هێمن لهۆنی: بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی مێپس رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان به‌هێزتر دەکات

هێمن لهۆنی، بەرپرسی نووسینگەی دەستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هێمن لهۆنی، بەرپرسی نووسینگەی دەستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی نووسینگەی دەستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە "مێپس" لە کوردستان دەستکەوتێکی گەورەیە و، هەورەها ئەنجامێکی باشی دەبێت. ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی مێپس رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات.  گوتیشی: هاووڵاتییان لە 80 وڵاتی جیاواز بەشداری لە کۆڕبەندەكه‌دا دەکەن.

هێمن لهۆنی، بەرپرسی نووسینگەی دەستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ کۆڕبەندی مێپس لە تەواوبووندان و کۆڕبەندێکی جیاواتر لە ساڵانی پێشوو ئەنجامدەدرێت و میوانێکی زۆریش لە سەرتاسەری جیهانەوە تێیدا بەشداردەبن.

راشیگەیاند، بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەنەدە لە کاتێکی ئاوا زۆر گرنگە چونکە باس لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و، بە هەموو جیهانیش رادەگەیەنین کە هەرێمی کوردستان لە عێراقدا ناوچەیەکی ئارامە و هەموو کەس دەتوانێت بە ئاشتی و ئارامی تێیدا بژیت شوێنی پێکەوەژیانی هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانە.

بەرپرسی نووسینگەی دەستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، "ئەم کۆڕبەندە بابەتێکی جیاوازە و حزبی نییە، بەڵکو بەشێکە لە دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کە جەنابیان باوەڕی بەوە هەیە لە رێگەی دیالۆگ بنیاتی دەوڵەت بنرێت، بنیاتی نیشتمانی بنرێت و گفتوگۆکان ئاڵوگۆڕ بکرێن لەسەر داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

هێمن لهۆنی، دەڵێت: "ئەمساڵ لەو کۆڕبەندا لایەنەکانی ناوخۆ بە ئۆپۆزسیۆنەوەش بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن و دید و بۆچوونیان  بخەنەڕوو، بەخۆشحاڵیەوە خەڵکیکی زۆر لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دەرەوە لەو کۆڕبەندەدا بەشدار دەبن".

لهۆنی گوتیشی: سازدانی ئەم کۆڕبەندە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها لەگەڵ میوانانی بەشداربووش پێکەوە گەنگەشەی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و کێشەکان و چارەسەرەکانیان دەخرێنەڕوو، هەروەها ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕگەیەکی سەرەکی کۆڕبەنەدەکە دەبێت، ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە و گرژییەکانی عێراق و داهاتووی عێراقیش بەشێک دەبێت لە پانێڵی کۆڕبەندەکە.

بەرپرسی نووسینگەی دەستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەکرد، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەو کۆڕبەندەدا پانێڵێ دەبێت، پەیامی جەنابیان بۆ دۆخی ناوچەکە گرنگە و بە دڵنیاییەوە قسە دەکات لەسەر رووداوەکانی عێراق، ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەو جەنگەش کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، لەم بارانەوە سەرنج و رەئییەکانی خۆی دەخاتەڕوو".

لهۆنی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو کۆڕبەندەدا دووپاتی دەکاتەوە کە ئەکتەرێکی گرنگە لە هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕست، ئەوانەشی دێنە ئەو کۆڕبەندە زۆر بە گرنگییەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی نووسینگەی دەستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: روئیایەکیدی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە لەو کۆڕبەندەدا رەنگی داوەتەوە، ئەویش پرسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە کە ئەویش بابەتێکی سەرەکی دەبێت، جەنابیان رای وایە گۆڕانکاری کەشوهەوا یەکێکە لەو پرسانەی کە دەبێت زۆر گرنگی پێبدرێت، بۆیە چەند پانێڵێکیش دیارییکراوە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

هێمن لهۆنی، روونیکردەوە، پرسی کەشوهەوا زۆر گرنگە بۆ داهاتووی وڵات، هەموو خەڵک باسی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات، کەچی بەس عێراقییەکان خۆیان هەست بەو مەترسییە ناکەن و گرنگی پێنادەن و، بیر لە داهاتووی خۆیان ناکەنەوە.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمساڵ لە 80 وڵاتی جیاوازەوە خەڵک دێن بۆشداریکردن لە کۆڕبەندی مێپس، ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیەوە و دەرخەری ئەوەیە کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باوەڕی بە پەیوەندی نێودەوڵەتی هەیە و توانیویەتی پەیوەندییەکی بەهێز لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستبکات.

 

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023)

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک لە رۆژانی (19-21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەدەچێت.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، 19ی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێلی بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت