دکتۆر ئیدریس موسا: كۆڕبه‌ندی مێپس له‌كاتێكی گرنگدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

دکتۆر ئیدریس موسا مامۆستا لە زانکۆی ئەمه‌ریکی
دکتۆر ئیدریس موسا مامۆستا لە زانکۆی ئەمه‌ریکی

K24 – هەولێر:

له‌باره‌ی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس)، مامۆستایه‌كی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ دهۆك رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر ئاستی عێراق، ناوچه‌كه و جیهان‌، رووداوی نوێ هه‌ن، له‌ رێگه‌ی كۆڕبه‌ندی مێپس گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها گوتیشی: "كۆڕبه‌ندی مێپس له‌كاتێكی گرنگدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

دکتۆر ئیدریس موسا مامۆستای زانکۆی ئەمه‌ریکی له‌ دهۆك، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌شداربووانی كۆڕبه‌ندی مێپس له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی، هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیه‌، كه‌ هه‌مووان گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسه‌ گه‌رمه‌كان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، شه‌ڕی حه‌ماس - ئیسرائیل و هه‌روه‌ها شه‌ڕی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. 

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆڕبه‌ندی مێپس ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ گفتوگۆیه‌كی بونیاتنه‌ر و له‌كاتێكی گرندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا بابه‌تێكی دیكه‌ی گرنگی كۆڕبه‌ندی مێپسه‌، كه‌ كاریگه‌ری بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان هه‌یه‌.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، 19ی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێلی بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هوشیاری زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەیان کەسایەتی دیکە بەشداری دەکەن.

لەسەر ئاستی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەندین کەسایەتی دیکە لەسەر ئاست و پسپۆری جیاواز بەشدارن لە کۆڕبەندەکە.

لە دیارترین کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی بەشداربوو لە مێپس 2023، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، نازم زەهاوی، وەزیری پێشووی گەنجینەی بەریتانیا، ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و محەممەد مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری خۆراک و کشتوکاڵی تورکیا و چەندین کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی و پسپۆر لە بوارەکانی ئاشتی، ئاسایش و تەکنەلۆژیای زانیاری و هتد.