ماتیۆ زایس: نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی گەرووی هورمز

ماتیۆ زایس، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئاتلەنتیک بۆ ووزە
ماتیۆ زایس، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئاتلەنتیک بۆ ووزە

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئاتلەنتیک بۆ ووزە، دەڵێت: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی ووزەی جیهان گرنگە و، هەورەها راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم پرسێکی سیاسییە. لەبارەی کۆڕبەندی مێپس گوتی: ئەو کۆڕبەندە گرنگیی هەرێمی کوردستان پیشان دەدات.

ماتیۆ زایس، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئاتلەنتیک بۆ ووزە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە هیوادارین هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەرچی زووە دەستپێبکاتەوە، لە مانگی سێەوە هەناردەی نەوت راوەستاوە، وەک یەکێک لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەپیکورەوە ئامادەین دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەینەوە، بەڵام کێشەکە کێشەیەکی بازرگانی نییە، بەڵکو سیاسییە هیوادارین زوو چارەسەر بکرێت".

جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئاتلەنتیک بۆ ووزە، راشیگەیاند، هیوادارین گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام بێت و بگەنە رێککەوتنێک بەزووترین کات.

ماتیۆ زایس، دەڵێت: ئێمە بەردەوام گوتومانە حکومەتی ئەمەریکا دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە ئیدارەدان و کۆکردنەوەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بۆ دووبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت.

لەبارەی کۆڕبەندی مێپس، ماتیۆ زایس، ئاماژەی بەوەدا، بێگومان بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕبەندە لە کاتێکی وا هەسیار زۆر گرنگە و، گرنگیی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات، کە یەکێکە لە سەقامگیرترین ناوچە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو جیهانەوە خەڵک هاتوونەتە دهۆک. تۆنی بلێر ئامادەیە، بۆریس جۆنسۆن ئامادەیە، هەموو کەسە کاریگەرەکانی جیهان لە مێپس دەبن، بۆ باسکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی نەک بە تەنیا رووبەڕووی کورد بوونەتەوە بەڵکو رووبەڕووی هەموو جیهان بوونەتەوە.

سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس و کاریگەرییەکانی لەسەر نەوت، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئاتلەنتیک بۆ ووزە، گوتی: "دەکرێت شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر نەوت هەبێت، چونکە کاریگەریی دەکاتە سەر وڵاتانی کەنداو، هیوادارم ئەم کێشەیە فراوان نەبێت، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا زۆر گرنگە، بۆ بازاری وزەی جیهانیش گرنگە، ئەمەش بژاردەیەکی باشە و دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی گەرووی هورمز. هەروەها جیهان و ناوچەکە پێویستی بە دەستپێکردنەوەی هەرنادەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکییەوە".

گوتیشی: ئەمەریکا پەیامی خۆی بۆ تاران ناردووە ئەگەر بێت و شەڕەکە فراوانتر بێت میلیشیاکانی سەر بە ئێران و حزبوڵڵا بەشداربن لەو جەنگە بێگومان کێشەکە گەورەتر دەبێت، بۆیە ئێران بڕیاریداوە کە حەماس و غەززە بکاتە قوربانی ئامانجەکانی خۆی، بەبێ ئەوەی پێگەی خۆی لە عێراق و سووریا بکەوێتە مەترسییەوە.

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023)

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک لە رۆژانی (19-21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەدەچێت.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، 19ی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێلی بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.