سیروان بارزانی: سوودانی لیژنەیەکی لەسەر کێشەی کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق پێکهێناوە

K24 - هەولێر

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ- مەخمور لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆڕبەندی مێپس گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەتایبەت لەو کاتەدا کە کێشە و ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

سیروان بارزانی گوتیشی: "دوای شەڕی غەززە ئەو گفتوگۆیانە گرنگن، رەنگە لێکتێگەیشتن دروست ببێت، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت شەڕی غەززە و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و کاریگەری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان. کە دەبینین هەندێک گرووپ و چەکدار هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان، لەلای ئێمەش سەیرە، چونکە هاوپەیمانان لەسەر داخوازی عێراق هاتوونەتە ئێرە، کە لەدوای 2011 رۆیشتن و دواتر لەسەر داوای عێراق هاتنەوە، ئەوان هاتوونە هاوکاری ئێمە بکەن بۆ شەڕی تیرۆر، ئێمە پێویستمان بەوان هەیە هەم وەکو پێشمەرگە هەم وەکو سوپای عێراق".

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا داعش لە مەخمور ماوە؟ سیروان بارزانی گوتی: بەڵی هێشتا داعش ماوە ئەوان هاتووچۆ و جموجۆڵ دەکەن بۆ سەر چیای قەرەچوغ، چونکە شوێنی خۆ حەشاردانی تێدایە، دەشڵێت: ئێمە چەند جار لەگەڵ دژەتیرۆر و هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنمان ئەنجام داوە، بەڵام بێ ئەنجامە، کە شوێنەکە پاک دەکەینەوە لە ماوەی 24 کاتژمێر دەگەڕێنەوە.

راشیگەیاند: "هاوکاری هەواڵگری لەنێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق بەردەوامە، چونکە ئەو تەکنەلۆژیایەی ئەوان هەیانە نە پێشمەرگە نە سوپای عێراق نییانە".

سەبارەت بە کێشەکانی کۆڕەک و بڕیاری دادگای عێراق، سیروان گوتی: "کێشە لە نێوان کۆڕەک و ئاسیادا نییە، کێشەکە لە گەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقە و کێشەکە کۆنە". دەشڵێت: "ئێمە دۆکیۆمێنتی خۆمان نیشانی میدیاکان داوە، بڕیاری دادگای عێراق هەمووی لە بەرژەوەندی کۆڕەک بوو، کە هاتە سەر حاڵەتی جێبەجێکردن، ئێمە نزیکەی ساڵێک چاوەرێمان کرد، چەند نووسراوێک لە دادگای جێبەجێکردنی کەرخ نێردرا بۆ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بەڵام ئەوان جێبەجێیان نەکرد".

ئەوەشی خستەڕوو، "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لێژنەیەکی پێکهێناوە لە پەرلەمانی عێراق، لیژنەکە لەگەڵ نوێنەری کۆڕەک و دەستەکە کۆبووەتەوە ئەوڕۆ و سبەی ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەردەکەوێت".