ئێلی گۆڵد: پێویستە هەموو جیهان پشتگیری لە هەرێمی کوردستان بکەن

ئێلی گۆڵد، سەرۆکی دامەزراوەی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێودەوڵەتی
ئێلی گۆڵد، سەرۆکی دامەزراوەی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دامەزراوەی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیرە، هەروەها هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەپارێزێت.

ئێلی گۆڵد، سەرۆکی دامەزراوەی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێودەوڵەتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆڕبەندی مێپس زۆر زۆر گرنگە، کوردستان توانای ئەوەی هەیە رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکی زۆری ئەم شەڕەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات ئێران سپۆنسەری دەکات، هەروەها کوردستان توانای ئەوەی هەیە کە سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێتەوە.

راشیگەیاند، هەبوونی ئەم کۆڕبەندە رۆڵی گرنگی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران نەک تەنیا کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بەڵکو کاریگەری لەسەر جیهانیش هەیە.

سەرۆکی دامەزراوەی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێودەوڵەتی، لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کاتێک سەیری فراوانبوونی هەڕەشەکانی ئێران دەکەین و هەروەها ئەو ناساقامگیرییەی کە لە بەغدا دروستبووە، پێگەی کوردستان زۆر گرنگە کە هەموو کات بە ئاراستەی سەقامگیری بووە، بینیمان کە داعش لەناوچوو کوردستان رۆڵێکی بێهاوتای گێرا لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، ئەمە زۆر گرنگە و ئاست و بناغەیەکی زۆر باش بوو.

گوتیشی: کورد لە هێڵی پێشەوی رووبەڕووبوونەوەی ئێرانن و، هەروەها بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاشی پاراستووە بۆیە ئەمە وا دەکات کە کوردستان ببێتە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

ئێلی گۆڵد، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، سەقامگیرکردنی بەغدا یەکەم هەنگاوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، بەبێ ئەم هەنگاوە هیچ هەنگاوێکی سەقامگیری دەست پێناکات.